هاکان فیدان: دۆخی سوریا مەترسیدارە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆخی سوریای بە نائارام و مەترسیدار وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە یەکڕیزی ئەو وڵاتەو هانی ئیدارەی نوێی دیمەشق دەدات بۆ کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوەشکرد، نزیکبوونەوەی تورکیا لە سوریا لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە دامەزراوە کە بڕیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە سوریا دەبێت لەلایەن خودی سوریاییەکانەوە بدرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "زەمینەیەکی نالەبارو شێواو" و دۆخێکی "نائارام و مەترسیدار" لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراقدا هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا سیاسەتێکی دەرەکی زۆر بنیاتنەر پەیڕەو دەکات کە پشت بە گشتگیری دەبەستێت بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی ئەم دۆخە بە گشتی.
فیدان وتیشى: ئێمە سەرقاڵی هەندێک ڕاوێژکارین لەگەڵ براکانمان لەوێ (ئیدارەی نوێی سوریا)، گرنگیش بە یەکێتی خاکی سوریا دەدەین"، جەختیشیکردەوە، لایەنی سوریا بەباشی ئاگادارە کە تورکیە نوێنەرایەتی چی دەکات بۆ ئەوان.
ڕوونیشیکردەوە، کە تورکیا دانوستانەکانی حکومەتی سوریا لەگەڵ وڵاتانی سێیەم بە هەنگاوێکی سروشتی دەزانێت لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی سوریای نوێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ڕوونی هانی ئەمە دەدات چونکە گرنگە.
وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە کام وڵاتی سێیەم دەکاتە ئامانج، هەرچەندە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بۆ کەمکردنەوەی دۆخی وڵاتەکەی.
ئیدارەی شەرع جگە لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبیشدا دەپارێزێت.
فیدان جەختی لەسەر لابردنی ئەو سزایانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵدان پێویستە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراون، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و قایلکردنەوە.
