هیچ لایەنێکى کوردى هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردن تۆمار نەکردووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
تەنیا چوار رۆژ بۆ کۆتاییهاتنى وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ماوە و سەرچاوەیەکیش لە کۆمیسیۆنەوە دەڵێت، "لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمار نەکردووە بەهۆی لوتکەی عەرەبییەوە وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانیش درێژدەکرێتەوە".
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى هەفتەى داهاتوو، لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و لایەنەکان سەرقاڵى رێکخستنى ئەو پرۆسەیەن، کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنەکە پێنج بۆ 10 رۆژ درێژدەکاتەوە".
سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، پێنج هاوپەیمانێتیى نوێ تۆمارکراون و گوتیشی، "یەکێکیان هاوپەیمانێتیى لایەن و قەوارەى سیاسیی ئێزدییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و قەوارەیەکى سیاسى نێوان لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتیان تۆمارنەکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق".
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژى 14ـى ئایارى وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، لیست و قەوارە سیاسییەکان راگەیاندووە.
بۆ هەڵبژاردنەکانى پیشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، 64 هاوپەیمانێتى پارت و قەوارە سیاسییەکان ئەنجام درابوو.
لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە مامەڵەی کڕین بە کارتی دەنگدەرانەوە دەستپێکردووە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هۆشداریی دەداتە دەنگدەران و پارت و قەوارە سیاسییەکان.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە کە پڕۆسەی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە لەلایەن نوسینگەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاندیدەوە دەستی پێکردووە، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەک دەڵاڵ و نێوەندگیرەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
