ترەمپ لە کەنداو

د. سەردار عەزیز

2 ڕۆژ لەمەوپێش



د. سەردار عەزیز

ڕۆژانی داهاتوو ترەمپ دێت بۆ کەنداوی فارسی-عەرەبی. لە ڕاستیدا یەکێک لە پلانەکانی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارسییە بۆ کەنداوی عەرەبی. بەڵام ئەمە تەنها موقەبیلاتە. ترەمپ کۆمەڵێک پلانی هەیە هەندێکیان جێگای سەرنجن و کاریگەرن، هەندێکیشیان بۆ کورد خراپن.

یەکەم: ترەمپ سەردانی ئیسرائیل ناکات. هەرچەندە لۆبیی ئیسرائیلی لە هەوڵی زۆردان هەتا ترەمپ سەردانی تەل ئەبیب بکات، بەڵام هەتا ئێستا لە پلانیدا نییە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت سەردانەکەی هەمووی دەستکەوت و سەرکەوتن بێت، لە ئێستادا لە ئیسرائیل هیچ دەستکەوت و سەرکەوتنێک نیە. بەڵام ئاماژەکان دەڵێن ڕەنگە پرسەکە لەوە ئاڵۆزتر بێت. بۆ نمونە، ترەمپ ئامادەیە چەکی ئەتۆمی مەدەنی بدات بە سعودیە. ئەم پرسە لە سەردەمی بایدندا بەسترابوو بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی سعودیەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئێستا ترەمپ ئەم دوانە لە یەکتر جودا دەکاتەوە.

پلانێک هەیە کە چۆن لە دونیای نوێدا سعودییە بکرێت بە هێزێکی گەورەتر لەوەی تەنها هێزێکی ئیقلیمی بێت. ئەمەش ئیسرائیل نیگەران دەکات.

دەبێت مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا مایەی نیگەرانی بێت بۆ کەنداوییەکان. قسەیەکی کیسنجەر هەیە دەڵێت: ترسناکە دوژمنی ئەمریکا بیت، کوشندەیە دۆستی ئەمریکا بیت.

دووەم: ترەمپ لە سەردانی بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر گرێبەستی تریلیونی دەکات. چەمکی تریلیونی گرنگە لە کاتێکدا ترەمپ لە سەد ڕۆژی ڕابوردوودا بە دەگمەن هەواڵی پۆزەتیفی هەبوو لە پلانەکانیدا، دەیەوێت ئەم سەردانە بکات بە سەردانی بەدەستهێنانی پارە. دیدی ترەمپ بۆ کەنداو لە کۆنەوە ئەوەیە کە ئەمریکا دەبێت پارەیان لێبسێنێت لە بەرامبەر هەموو شتێکدا. کەنداوییەکانیش لە ئێستادا دەتوانن ئەمە بکەن، تەنانەت سامانێکی زۆریان بە ئیریکی کوڕی ترەمپ بەخشیوە. لە سعودیە جگە لە ئەتۆم کۆمەڵێک گرێبەستی تر دەکات، لە ئیمارات زیاتر لە بواری هۆشمەندی زیرەکدایە، کە ئیمارات دەیەوێت ببێت بە ناوەندی ئەو بوارە، لە قەتەر بە زۆری بۆینگە، بە تایبەتی کە چین چیتر فرۆکەی بۆینگ ناکڕێت.

سێیەم: بەڵام سەردانەکە تەنها پارە و گرێبەست نیە، ئیران و سوریا، دوو خاڵی سەرەکی دەبن لە ئەجێندای سەفەرەکە. ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ترەمپ لە ریاز ئەحمەد شەرع دەبینێت، بەڵام هێشتا دڵنیایی نییە لەو بارەیەوە. شەڕع لە لایەن کەنداوییەکانەوە پێی گوتراوە دەبێت لە گەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیت ئاسایی بکەیتەوە هەتا ئابلۆقەت لەسەر هەڵبگیرێت، ئەویش لاریی نیە. ئێستا دۆخەکە وەهای لێهاتوە تەنها لە کەناڵەکانی باشور هانی خەڵک دەدەن بڕۆن بۆ شەڕی فەلەستین. هەر لەم ڕووەوە دەڵێن ترەمپ ڕازی بووە کە قەتەر مووچەی کەرتی مەدەنی حکومەتی سووریی بدات، چونکە پێشتر بە هۆی ئابلۆقەوە نەدەتوانرا.

چوارەم: کەنداوییەکان بە پێچەوانەی جارانەوە دژ بە دانوستانی ئەمریکا و ئێران نین. لە ڕاستیدا ترسی کەنداوییەکان لە چەکی ئەتۆمی ئێرانی نیە، هێندەی ترسیان لە ئامراز و چەکە تەقلیدییەکانە. بۆیە ئەوان زیاتر مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئەمریکایان دەوێت، بەبێ دژایەتیکردنی ئێران. لەم ڕوەوە هەنگاوی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارسی بۆ عەرەبی هەنگاوێکی بێ سودە.

ئایا ئەگەر ترەمپ ناوەکەی بگۆڕێت؛ ئێرانییەکان ئەوە دەکەنە بیانوو بۆ وەستانی دانوستانەکان؟ گومانم هەیە! ترەمپ دەیەوێت بڵێت گەرچی دانوستان دەکات بەڵام سازش ناکات.

پێنجەم: پرسی کورد ڕاستەوخۆ نابێت، بەڵام پرسی سەردانەکە ناڕاستەوخۆ پرسێکی گەورەیە. کەنداوییەکان جەخت لە مەرکەزییبوونی سوریا دەکەنەوە، بە ترەمپ دەڵێن تاکە ڕێگا بۆ ڕێگریی لە پەرتبوونی سووریا و هاتنەوەی ئێران بۆ ئەوێ؛ بوونی حکومەتێکی ناوەندییە، ئەمەش دژ بە خواستەکانی کوردە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار