چۆن لە ئاشبەتاڵەکەی پە.کە.کە تێبگەین؟

ئارام ڕەفعەت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

بۆ تێگەیشتن لە ئاشبەتاڵەکەی پەکەکە دەبێت سێ هەنگاو هەڵبێنین.

یەکەم: دەبێت لە سندوقی جەلالی و مەلایی، بە هەموو ئەزموونە سەرکەوتوو و شکست خوادووەکانیانەوە، لە ناویشیاندا لە  سندوقی  ئاشبەتاڵ و کەلتور و  تراومای پەیوەست  پێیەوە بێینە دەر.

دووەم: دەبێت دەسبەرداری جیهانبینی Revolution، واتە شۆڕش بین و مامەڵە لەگەڵ Evolution، واتە گەشە سەندن بکەین.

سێیەم: دەبێت گەورەتر بیر بکەینەوە. گەورەتر لە حیزب و ئایدیۆلۆژیا و قەندیل و کورد و خۆمان بخزێنینە ناو چوارچێوەی نەخشە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئێستا لەدەرەوەی ئەو سێ سندووقە دەتوانین بڵێین شتێک  نییە بەناوی ئاشبەتاڵ.

ئەوەی هەیە بەجێهێشتنی قۆناغێکە بە مەنهەجیانە و بەرنامەیەکی داڕێژراو، لێرەشەوە مانایەک بۆ چەمکی ئاشبەتاڵ نامێنێت.

با هەندێک خاڵ بخەینە سەر پیتەکان.

 

ئەوەی هەیە دەسبەرداربوونی چەکە لە پێناو ئامانجی گەورەتردا.

دەسکەوتی یەکەم، کورد لە باکور لەدەرەوەی یاسای تیرۆر و جوداخوازیدا سیاسەت دەکەن. ئەمە بە مانای چی دێت؟

لانیکەم، لە رووی تیۆرییەوە، یان ئەوەی دەکرێت پێشبینی بکرێت ئەوەیە کە عەبدوڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی تریش، لەوانەش دەمیرتاش، یان لە زیندان دێنە درەوە یان ئازادانەتر دەنگیان دەگاتە دەرەوەی زیندان.

بەواتایەکی تر، دەرفەتی راستەوخۆ  یان ناراستەوخۆی ئیدارەدان و بەشداری کردن لە  جوڵانەوەی سیاسی کورد لە باکور  بۆ ئۆجەلان و سەرکردە زیندانی کراوەکانی تر دەڕەخسێت.

داماڵینی زنجیری تیرۆر و جوداخوازی لە جوڵانەوەی باکور، هەزار و یەک دەرفەت دەداتە ئەو جوڵانەوە تۆکمە و دامەزراوەی باکور، لەخوارەوە تەنها یەک دوو نموونە دێنمەوە.

 

یەکێک لەو دەرفەتانە روخانی دیواری ترسە. دیواری ترس بۆ ئەوانە نا کە ئێستا لەناو جوڵانەوەکەن و بە سەرسەختی و نەترسی و قوربانی دانی بەردەوام و بێ وێنە تەڤگەری باکوریان بەم رۆژە گەیاند.

دیواری ترس بۆ ئەو ملیۆنان کوردەی کە کێشەیان لەگەڵ کوردبوونی خۆیان نییە و تەنانەت شانازیشی پێوە دەکەن، بەڵام نایانەوێت لەسەر حیسابی ژیان و بەرژەوەندی خۆیان بێت.

لابردنی زنجیری تیرۆر و جوداخوازی لە جەستەی جوڵانەوەی باکور، بەشێکی بەرچاوی ئەو ملیۆنان کوردەی باکور دێنێتە ناو جوڵانەوەکە.

ئەگەر ئەمە روو بدات، کوردی باکور لە هێزێکی پێنج شەش ملیۆنییەوە دەبنە بەرەیەکی دە پازدە ملیۆنی وزۆرێک لەو دەسکەوتانەی لەماوەی چل ساڵ و بە خوێنی چل هەزار شەهید دابین نەکران، لە کورت ماوەدا رەنگە بەدەست بخرێن .

لەسای فاشیزمی تورکی و بە موئەسەسە کردنی ئەو فاشیزمە و بوونی بە ئایدیۆلۆژیا و ناسنامەی دەوڵەتەکەیان رۆچوونی لەناو کۆمەڵگاکەیان، دیار نییە چەندە  ئەمە دەڕەخسێت. بەڵام بەتەنها لێسەندنەوەی شمشێری تیرۆر و جوداخوازی لە تورک، دەروازەیەکی گەورە بۆ کورد دەکاتەوە.

 

ئێستا با گەورەتر لە کورد و تورک لە ئاراییشدانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بڕوانین.

ئەو ئارایشدانەوەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمەگیرە. واتە سەرتاپای وڵاتانی ناوچەکە، بە  ئێرانیەکان و تورکەکانیشەوە دەگريتەوە.

لەم نێوەدا،  کورد بۆیەکەمجارە لەم سەد ساڵەیەدا هاوتای تورکەکان و عاڕەبەکان و  عەجەمەکانە. لە ئێستادا کورد لەگەڵ سێ نەتەوەکەدا لەوەدا یەکسانن کە هەر چواریان وەک یەک بەرکارن نەک بکەر.

لەراستیدا، لەم ئاراییشدانەوەیەدا کورد  بۆ یەکەمجارە هەنگاوێک لە پێش سێ نەتەوەکەیە.

 هەڵبەت لەو روانگەیەوە، کە ئەوان لە چوارچێوەی پاراستنی ئیسرائیلدا هەندێک شت لەدەست دەدەن و لەناویشیدا چیتر وەک جاران سەروەر نین.  کوردیش کە هیچی نییە لەدەستی بدات، رەنگە زۆر شت بەدەست بێنێت، ئەمەش بە یەک مەرج، گەورەتر و لە ئاست فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیر بکاتەوە.

پێش ئەوەی باس لەوە بکەم کورد چ بەدەست دێنێت، باشترە تیشک بخەمە سەر ئەوەی چۆن تورکەکانیش هاوشێوەی کورد بەرکارن؟

 

پڕۆسەی ئاشتی  بە دەوڵەتی قوڵی تورکەکان سپێردراوە و لەسەرزاری باخچەلی، کە واجیهەی دەوڵەتی قووڵە راگەیەنرا نەک ئەردۆغان،

بۆ یەکەم جارە کە ئەردۆغان لە پرۆسەیەکدا وەک جاران دەسپێشخەر و پاڵەوان و موخاتیبی سەرەکی نییە. ئەمەش پێچەوانەی رۆڵی ئاسایی ئەردۆغانە لە دوو دەیەی رابردوودا. ئەو هەمیشە بۆ گەورە و بچوکی روداوەکانی ئەو وڵاتە هەم ئەندازیار و دەسپێشخەری تاک و تەنها بوو وە هەم جێبەجێکار و سودمەندی سەرەکی بووە.

ئەم جارەیان وا نییە. رێک بە پێچەوانەوە، رژێمەکەی ئەردۆغان کەوتۆتە بەردەم ئەمری واقیع و تەنها تەنها رۆڵی جێبەجێکاری پێدراوە و تەنانەت هەم لە گوتار و هەم لە کرداردا نیگەرانی و بێ ئاگایی لە ئەردۆغان و رژێمەکەیدا دەبینرێت.

بۆ ئەوەی وێنەکە رۆشنتر و وردتر بخەینە بەرچاو دەبێت بڵێین پێناچێت نە ئەردۆغان و نە دەوڵەتی قوڵ و نە بەڕێز ئۆجەلان و نە قەندیل، هیچکامیان دەسپێشخەر نین و هەموویان بەرکارن و بەناچاریش جێبەجێکارو خۆ گونجێنەرن.

ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئاراییشدانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەن هێزگەلی گەورەتر و بۆ ئامانج و بەرژەوەندی گەورەتر لە بەرکارەکانی هەرێمەکە.

یەکێک لە دەرهاویشتە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئاراییشدانەوەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیدا پرۆسەی ئاشتی، قەبوڵکردنی ستاتۆی رۆژاڤایە.

کۆتایی مانگی ئازار بۆ تورکەکان ئازار بەخش بوو. ئەوسا ئیدارەی ترمپ هاکان فیدانی بانگی ئەمریکا کرد و پوا پێدەچێت کە کۆتایی ماوەی ئەو هەلەی بە تورکەکان درابوو پێی راگەیانرابێت، هەلی لاواز کردنی رۆژاڤا پێش بەئەنجامگەیاندنی پرۆسە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەوساوە، تورکەکان دەستیان پێ لە رۆژاڤا هەڵگیرا. وەک ئەمری واقیع لە ئێستادا تورکەکان لە قۆناغی قەبوڵ کردن و مامەڵەکردنن لەگەڵ ستاتۆی رۆژاڤادا.

هەنگاوەکان و ئاڵوگۆڕەکان خێران. دوا لێدوانی سەفیری تورکەکان لەشام سەرنج راکيشە. ئەو باس لە ئیمکاناتی رۆڵی تورکەکان لە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی باکور و  رۆژهەڵاتی فوڕات، واتە رۆژاڤا، دەکات.

قەبوڵکردن و مانەوەی رۆژاڤا، دووەم و رەنگە سەرەکیترین دەسکەوتی پرۆسەی ئاشتی و سەرەنجام پرۆسەی ئاراییشدانەوە گەورەکە بێت، ئاراییشدانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. دەسکەوتێک گەورەتر لە هەموارکردنەوەی دەستوری تورکەکان و هەڵگرتنی شمشێری تیرۆر و جوداخوازی لەسەر جەستەی کوردانی باکور.

با هەر لەناو هاوکێشە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنینەوە و پرسیارە گەورەکە بکەین: ئایا   قەندیل چارەنووسی چی دەبێت؟ من پێشبینی دەکەم قەندیل ئەرکێکی تری پێ بسپێردرێت.

سێ دەیەیە قەندیل ئەنقەڕە دەهەژێنێت، ئەگەر رۆڵی داهاتووی قەندیل هەژاندنی تاران بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین کورد براوەی پرۆسەی ئاشتی و پرحسەی ئاراییشدانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

دیار نییە چەندە ئەمە روو دەدات، بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە ئێستا بەولاوە چارەنووسی قەندیل پەیوەست دەبێت بە  چارەنووسی تاران لە نەخشە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار