ئەقڵ و ئازایەتی و بەرپرسیارێتی ..!

14 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولرەزاق شەریف
سێ مانگ پێش ئێستا و ئەم سێ وشەیەم لەکاردانەوەی یەکەمین پەیامی رێبەر ئاپۆدا نوسی. لەدوای بڕیاری کۆنگرێسی گەریلاکانی چیا، دەرکەوت ئەم سێ خەسڵەتەی رێبەرەکەیان لەناو ناخ و بیری گەریلادا بەرجەستەیە.
هێندەی وتار و لێدوان و شیکردنەوەی باش و خراپ، لەسەر پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، پەیامی ئاپۆ و بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرێسی پارتی کرێکارانی باکوری کوردستان لەباشور نوسراوە و گرنگی پێدراوە، دەرلەسەدی ئەوە لەباکور و رۆژاوا تەنانەت رۆژهەڵاتیش نەنوسراوە و نەوتراوە!
نەمگەرەکو هیچی لەسەر بێژمێ، لێ وەپێویستم زانی ئەم چەند خاڵە وەک پرەنسیپ و ئاگایی بۆ هەموان بەتایبەتتر بۆ قەڵەمە سیاسی، حیزبی و چاودێرەکان بنوسم.
یەکەم :
کورد لەباکوری کوردستان بەگشتی خۆشحاڵن و ئاهەنگ دەگێڕن.
دووەم :
گشت سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانی کورد(باش و خراپ، چەپ و راست)، لەگشت لاوە پەیامی پیرۆزبایی دەنێرن و بەهەنگاوێکی گەورەی گۆڕانکاری و کرانەوە و دیموکراسی و ئاشتی وەسفی دەکەن.
سێیەم :
هەمیشە بڕوای کورد بۆ دیاریکردنی چارەنوس و چارەسەری کێشەی کورد لەناوخۆی (ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا)، پەیوەستی بە بڕیار و بیرکردنەوەی کوردی ئەو وڵاتانەی خۆیان بوە، جگە لەپشتیوانی و قسەی خێر گشت ئەجندایەکی دەرەکی گەر لەتەرەف حیزبێکی کوردستانیشەوە بوبێت رەتکراوەتەوە و مەقبول نەبوە.
چوارەم :
بارودۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی کورد لەنێوخۆی ئەو وڵاتانەدا، تەواو جیاوازن هەروەک چۆن دەستور و رژێمی دەسەڵاتدار و شێوازی حوکمداریی هەر چوار دەوڵەتیش جیاوازن.
پێنجەم: خەباتی چەکداریی هەڵگری بیری( مارکسیزم- لینینیزم)، تەنانەت بەرەی بەرگری رەوا دژی داگیرکاریش دەیان ساڵە لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، بێزراو بوە و وەك کاری تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت!
شەشەم :
لەشکری ڕاستەقینەی کوردوستانی باکور و پارتی کرێکاران، لە ئەوروپا و لە دەرەوی تورکیایە!
