دەربارەی چەک دانانی پارتی کرێکاران
.jpg)
11 كاتژمێر لەمەوپێش
د.سەردار عەزیز
وەک هەموو دیاردەکانی تر، چەک دانانی پارتی کرێکاران دونیای کوردی لە نێوان پشتیوان و دژدا پەرتکردوە. ئەمە ئاسایی دەبوو، ئەگەر ئێمە تەنها بە سەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەش نەبوینایە، بەڵکو خەڵکان و ناوەندی تر هەبونایە کاری زانستییان بکردایە، بەڵام نیە، یەکێکی ترە لە دەردە زۆرەکانی کورد.
بەشی زۆری مشتومرەکان دەربارە هەنگاوە هەنوکەییەکانە، چی دەبێت و چۆن دەبێت، دیارە ئەمانە گرنگن، بەڵام کاتین. بۆ من بونی پارتی کرێکاران بە پارتێکی سیاسی هەنگاوێکی گرنگە. ئەمە نەدەهاتە دی ئەگەر خەباتی چەکداری نەبوایە. بەلام ئەم دۆخە نوێیە بێ ئالانگاریی و ئاڵۆزی نیە.
پارتی کرێکاران بە بونیادی دەزگایی سەر بە مارکسیزمی سەردەمی جەنگی ساردە. دەزگایی بونی مایەی سەرکەوتنی بوو. بەڵام کێشەی دەزگاییبونی، لەوەدایە کە ئەگەری هەیە ڕەق هەڵبێت، یان توانای خۆ نوێکردنەوە و خۆ گونجانی نەبێت. پارتی کرێکاران کرۆکێکی جێگیریی هەیە، بۆیە توانیویەتی ڕواڵەتی زۆر بۆ خۆی بپۆشێت بەبێ ئەوەی هێندە کاریگەریی لە سەری هەبێت. لە زانستی کارگێڕیدا بەمە دەڵێن بەهای کرۆکیی یان core value
ئێستا کە پارتی کرێکارانی جاران کە دەچێتە قۆناغی ئاشتییەوە، ڕەنگە ئەم بەها کرۆکیانە چیدی هێندە سودمەند نەبن. پارتی کرێکاران وەک هەموو هێزێکی تری کوردی نەیار یان ئۆپۆزسیونی دەسەڵاتە، ئەمە ڕەهەندێکی گرنگە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتودا ناچاربێت لە گەڵ دەسەڵاتدا بێت یان تەبابێت لە گەڵ دەسەڵاتدا. ئەم وەرچەرخانە پارادایمی دەبێت.
گەر بیرتان بێت لە نامەکەی ئۆجەلاندا دێڕێک هەبوو دەربارەی پەیوەندی نێوان کورد و تورک وەک پەیوەندی هەزار ساڵە. ئەم دێڕە پڕ بوو لە کۆد. [دیارە من وەعدم دا هەموو کۆدەکان بخوێنمەوە، بەڵام نەمکرد، ببورن].
لە ئێستادا ئەم دێرە گرنگە، کە چەندین کۆدی گرنگ لە خۆی دەگرێت. یەکەم، لە ڕوی مێژوییەوە ڕاست نیە، بەڵام بۆیە دەوترێت، هەتا بنەمایەکی نامێژویی دروست بکات. ئەم دیدەی دیدی ئیسلامیەکانی تورکیایە. بەپێی ئەم دیدە، خەتای کەمالیەکانە کە کورد و تورک کێشەیان هەیە. هەروەها خەتای بیری ناسیونالیزمە، کە بیرێکی دەرەکیە، بەپێی نامەکەی ئۆجەلان و دیدی ئیسلامیەکان. ئەم لە ئێستادا کۆدی ئەوەیە کە لایەنگرانی پارتی کرێکاران نابێت لە گەڵ جەهەپەدابن، نابێت لە گەڵ کەمالیەکاندا بن.
ئایا ئەم دیدە ئیسلامیە دەتوانێت لە گەڵ دیدی پارتی کرێکاراندا تەبابێت؟ بە پێی هەندێک سەرچاوەی تورکی: ڕەنگە لە گەڵ گۆڕینی دەستوردا، هەتا بوار بۆ بە سەرۆک بونی ئەردۆغان بسازێنن هەتا مردن، مادەی ٤٢ و ٦٦یش بگۆڕن. لە هیچ کام لەم مادانەدا ناوی کورد ناهێنن، بەڵام چەمکی زمانی دایک بۆ مادی ٤٢ زیاد دەکەن، هەروەها مادەی ٦٦ وەها لێدەکەن کە بڵێن هەموو کەسێک لە تورکیا سەرباری پاشخانی ئیتنی و ئاینی و ئەمانە، هاوڵاتی تورکیایە. ئەم هەنگاوانە ڕەنگە جۆرێک لە تەبایی لە نێوان ئیسلامیەکان و پەکەکەدا دروست بکات.
دیارە سەرباری ڕەهەندی ناوەکیی، نەمانی پارتی کرێکاران و پێکەوەکارکردنی کورد و تورک ڕەهەندی ئیقلیمیشی هەیە. تورکیا دەبێتە هێزێکی ئقلیمی. ئەمە لە واقیعدا بەرجەستە دەبێت، لە پاکساتەوە هەتا سودان ئاماژەکانی دیارن. تورکیا نەک کورد وەک ڕێگرێک ناهێڵێت بەڵکو دەتوانێت سودی لێببینێت. بەڵام لە هەمانکاتدا مانای وەهایە تورک لە ناوچە کوردییەکان نەک ناکشێنەوە بەڵکو ڕەنگە زیاتر ئامادەبن.
چەند ساڵێک لەمەوپێش لە گەڵ ناوەندێکی بیری هۆڵەندیدا کارمان لە سەر ئامادەیی سوپای تورکیا کرد لە باشور. یەکێک لە هاوەڵەکانم ئەفسەرێکی پێشوی سوپای تورکی بوو. لە یەکێک لە گفتوگۆکانماندا ئەوەی پێ گوتم کە بنکە دروستکراوەکانی کوردستانی عێراق زۆر تۆکمەترن لە بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی تورکیا. بە دیدی ئەوە ئەو بنکانە کاتی نین.
ئەگەر لە تەماحی فراوانخوازی تورک بنواڕیت لە میانەی پرۆژەکانی ڕێگای گەشە و گەشتن بە کەنداو و بە قەڵەمڕەوییکردنی سوریا و ململانێ لە گەڵ ئیسرائیلدا، چاوەڕێی ئەوە ناکرێت سوپای تورک بکشێتەوە، ڕەنگە زیاتر فراوانخوازیی بکات. هەمیشە پارتی کرێکاران بۆ تورک سەرچاوەی مەترسی و دەرفەتیش بوو. دەوڵەت هەمیشە وەها رەفتار دەکات.
