پەروین بوڵدان: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون

8 كاتژمێر لەمەوپێش



پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، كە دوێنی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستانی كرد دەڵێت: ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەکەدا بەدەست هاتوون، هیچ كێشەیەك لە ئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆر باش بوو.

بوڵدان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پشتگیری لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە پەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت.

باخچەلی داوای کردووە لیژنەکە لە ئەندامانی ئەو (١٦)پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیەو لە (١٠٠) ئەندام لە خۆبگرێت.

پەروین بوڵدان راشیگەیاندووە: باخچەلی روونی کردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە پەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لە پەرلەمان بە جددی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لیژنەکە تەنها بەم شێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت.

لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی: ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیر دەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سووکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەش و هەوایەکی نوێ و پرۆسەیەکی نوێ لە ئارادایە ئێستا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار