ڕۆژنامەی (المدی): ڕەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابكەوێت

18 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی (المدی) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە لایەنە شیعەکان پێیانوایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی (2026)دوادەخرێت بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات.
بڕیارە وایە لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن كۆتوبەند بکرێن.
مانگی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا پێش کۆتایی ساڵ بەڕێوەدەچن.
بەڵام لە پشتی پەردەوە زانیاری لەسەر "دابەشبوون" لە نێوان دوو دیدگادا دزەپێدەکرێت، یەکێکیان نوێنەرایەتی تیمەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکات، ئەوی تریان بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق.
سودانی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
بەڵام بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، رەنگە مانەوەی ئەم وادەیە وەك خۆی قورس بێت بەهۆی ئەو پێشهاتە كتوپڕانەی کە لە دوای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە روودەدەن.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە چوارچێوەی شیعەکان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆ کاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات.
مەرجەکان بریتین لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان لە پۆستەکەیان (4 یان 6)مانگ پێش هەڵبژاردن.
بڕیارە هەوڵەکان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە لە دوای ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێبکات، کە پەرلەمان دوای پشووی یاسادانان کۆدەبێتەوە.
لایەنگرانی محەمەد شیاع سودانی لە پەرلەمان توانیان دانیشتنەکان پەکبخەن و نیسابی یاسایی بشکێنن، بە وتەی نەیارەكانی، بۆ ئەوەی رێگری لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکەن.
پێشتر محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەكە، پێشبینی کردبوو کە وادەی هەڵبژاردن چەند مانگێك دوابخرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا روویدا، کاتێک وادەی هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە دواخرا.
ئەگەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەربکرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخە نوێیەکە دابڕێژێت، ئەمەش بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لانی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ.
لە ماوەی دواخستنەکەدا رێگە بەو بەرپرسانە دەدرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ کاندید بکەن، دەست لەکاربکێشنەوە لە پۆستەکانیان، ئەمەش حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتێکی كاربەڕێكەر.
لە رووی یاساییەوە حکومەت لە ماوەی كاربەڕێكەریدا بە توندی سنوردار دەکرێت لە خەرجکردنی پارە و بڕیاردان.
بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لایەنە شیعەکان باڵا دەستەكان كە کۆنترۆڵکردنی پۆستە جێبەجێکارەکان و زۆرینەی پەرلەمانیان كردووە گلەیی ئەوە دەکەن کە پۆستەکانی حکومەت کاریگەرییان لەسەر کێبڕکێی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی توانای دەوڵەت كراوە بە بەشێك لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
