هاوسەرۆکی پژاک: خۆمان هەڵناوەشێنینەوەو چەکیش دانانێین

18 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکی پژاک کە بە پارتێکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت رایگەیاند، بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و ئەوان چەک دانانێن.
ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کەناڵی (ئاریەن تیڤی)دا باسی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئەو قۆناخەی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە ئێمە بە گرنگ و ئەرێنی دەزانین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".
پژاک هەمان ئایدۆلۆژیا و سیستمی بەڕێوەبردنی پەکەکە پەیڕەو دەکەن و ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن. هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی داوای ئۆجەلان بۆ چەکدادان لە پەکەکە و پەسەندکردنی داواکەی گوتی: "بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڕیاری خۆیانە وەکو پارتێک، بڕیاری پژاک لەو بارەیەوە جیاوازترە و ئێمە ناگرێتەوە".
ئەمیر کەریمی گوتی: "ئێمە وەکو پژاک نە چەک دادەنێین، نە خۆمان هەڵدەوەشێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پژاک، کە وەکو خۆیان دەڵێن خەباتی ئەوان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوتی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین هەموو کێشەی کورد بێتە مەیدانی سیاسەتەوە لە هەموو ناوچەکاندا، ئەو چەکەی لەدەستماندایە چەکی خۆپاراستنە نەک شەڕکردن".
بە گوتەی ئەمیر کەریمی: "پژاک بنەما ستراتیژییەکەی خەباتی چەکداریی نەتەوەیی کلاسیک نییە و لەپێناو خۆپاراستنی رەوادایە؛ بەرنامەشمان نییە هێرش بکەین و لە 2011ـەوە ئاگربەستمان راگەیاندووە و گوتوومانە، هێرشمان لەسەر نەبێت چالاکی ناکەین".
قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەکاتێکدایە، 12ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.
دوای کۆنگرەکە پەکەکە رایگەیاند، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد".
