نوخشە ناسیح: لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هاوکاری ئێرانە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
پارێزگاری پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەڵەبجە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنە.
نوخشە ناسح لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی پارێزگاکانی هاوسنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق لە شاری سنە ڕایگەیاند: 38 ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەرگاى خۆی بەڕووی بنەماڵە و بریندارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردەوە، داواش لە حکومەتی ئێران دەکەین هاوکاریمان بکات بۆ پەرەپێدانی ئەم پارێزگایە.
ناوبراو زیادی کرد: پارێزگای هەڵەبچە لە ڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵەوە توانایەکی زۆری هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا کاری گەورە لەو بوارەدا بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران.
پارێزگاری هەڵەبجە بە ئاماژە بە سنووری 118 کیلۆمەتری نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئێران دەشڵێت: هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، بەڵام ئەمڕۆ ناوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری نێوان هەردوو وڵاتە.
ناسح ئاماژەی بە هاتوچۆی حەوت هەزار گەشتیار لە سنووری هەڵەبجە لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا و ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمەش جێگەی پێزانینە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پارێزگایەکی نوێ هاوکارمان بێت بۆ کردنەوەی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان.
هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، پرسی کولتووری و بازرگانیی تاوتوێ دەکەن.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتى: ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و کولتورییەکان تاوتوێ دەکەن.
شاندەکە لەسەر بانگهێشتی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکە کۆبوونەوەی خولیی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سنە، کرماشان و ورمێ".
لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، رەحمان رەزایی، پارێزگاری ورمێ، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن.
