سەنتەری میترۆ: عەلی خەیال ڕادەستی بەغدا نەكەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەنتەری میترۆ داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دەكات، پێشكەشكاری كەناڵی ئەلبەغدادیە رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا نەكات و بە پێی شوێنی دانیشتنی كەیسەكەی بگوزرێتنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە 22ی ئایاری 2025 ، كەناڵی ئەلبەغدادییە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا هاتووە كە پێشكەشكارێكیان بەناوی (عەلی ئەلخەیال) لە هۆڵێكی وەرزشی شاری هەولێر ڕفێندراوەو تاكو ئێستا بێسەروشوێنە، سەلامەتی گیانی ئەو میدیاكارەش دەخەنە ئەستۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پێشتر لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەو وەزیرە هەڕەشەی لە پێشكەشكارەكە كردوە، هەروەها سكاڵای یاساییشی لەدژی تۆماركردبوو.

عەلی ئەلخەیال، بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە ڕۆژنامەگەری، زانكۆی بەغداو بڕوانامەی ماستەر لە ڕۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە، ساڵانێك لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا كاری كردووە، ئێستا بەرنامەی "ئێمە دەسەڵاتین" لەو كەناڵەدا پێشكەش دەكات، كە بەرنامەیەكی سیاسی رەخنەگرە.

سەنتەری میترۆ داوا لە حكەمەتی عێراق دەكات دەكات یاسا نەكەنە ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لە رەخنەگران و رۆژنامەنووسان و رێز لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری بگرن.

سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە هەواڵی رادەستكردنی بە هێزە ئەمنییەكانی بەغدا، داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دەكات، وەك دۆسیەیەكی هەستیار تەماشای ئەو داوا یاساییە بكات كە رووبەڕووی پێشكەشكاری كەناڵی ئەلبەغدادیە (عەلی ئەلخەیال)كراوە، بە پێی شوێنی دانیشتنی رۆژنامەنووسەكە كە شاری هەولێرە  كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار