پزیشکیان لەدیدارى پارێزگارەکانى کوردستان: شەیتانی گەورە ئێستا ئەمریکایە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆککۆماری ئێران و هەر چوار پارێزگارەکای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە تاران کۆبوونەوەو ڕایدەگەیەنێت دانیشتووانی هەردوو دیوی سنوورەکان پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە و خاوەن کەلتوور و مێژوویەکی هاوبەشن، شەیتان هەوڵدەدات مرۆڤەکان جیا بکاتەوە ئەو شەیتانە گەورەیەش ئێستا ئەمریکایە.
کۆبوونەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆكکۆماری ئێران لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ هەریەکە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بووە بە یاوەریی ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری سنە (کوردستان)؛ رەزا رەحمانى، پارێزگاری ورمێ (ئازربایجانی رۆژئاوا)؛ مەنوچەهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان و فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بووە.
سەرۆک کۆمار لەو دیدارەیدا جەختی لەوە کردەوە: ئەگەر بەڕاستی پەیڕەوی لە ئامۆژگارییەکانی ئیسلام بکەین و برای یەکتر بین، خۆمان لە دروستکردنی ناکۆکی بەدوور دەگرین و پایتەختی وڵاتانی ئیسلامی لە بەرامبەر چەکدا نادەین بە ئەمریکا.
ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ئەگەر ئەو پارەیەی کە وڵاتانی ئیسلامی بۆ کڕینی چەکی سەربازی بۆ ئەمریکا دابینیان دەکرد، لە وڵاتانی ئیسلامیدا خەرج بکرایە، هەموو موسڵمانان لە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییدا دەبوون.
پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی" ناوبردووە و دەڵێت، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی "جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، وشکەساڵی، گەیاندنی هێڵی شەمەندەفەری کوردستان بە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و بەخشینی تایبەتمەندیی بە دەروازەکان کردەوە."
پارێزگاری سلێمانی هیوای خواستووە، "پەیام و ئیرادە و بەرنامەی ئاشتی لەپێناوی سەقامگیریی ئاسایش و ئابووریی هەموو ناوچەکەدا؛ جێی هەر شەڕێکی نەخوازراو بگرێتەوە."
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "یاداشتێکی تایبەتم پێشکێش بە جەنابی سەرۆککۆماری ئێران کرد، کە باسم لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان و منداڵە ونبووەکان و بریندارانی چەکی کیمیایی کرد، ئەمەش جگە لەو یاداشتانەی لە دوو رۆژی رابردوودا واژۆمان کرد."
لەبارەی ئەو یاداشتەی پێشکێشی سەرۆککۆماری ئێرانی کردووە، نوخشە ناسیح ئەوەی خستەڕوو، "سەرۆککۆماری ئێران زۆر خۆشحاڵ بوو، زۆر پشتیوان و هاوکار بوو."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، پزیشکیان خۆشحاڵیى خۆی به "ئاستی پەیوەندیی باشی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران نیشاندا. پشتیوانیی خۆی بۆ رێککەوتنەکانی نێوانیان دووپاتکردەوە."
پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستووەتەسەر ئەو رێوشوێن و ئامادەکارییانەی ساڵانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی پەیڕەوی شیعەی ئێران و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق گیراوەتەبەر.
