کۆمسیۆن: وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان مانگێک بەردەوام دەبێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە سبەینێوە پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن دەست پێدەکات، دەشڵێت: پڕۆسەکە ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوەتەوە: لە سبەینێ 25ـی ئایارەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە: وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن، بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت و لە 24ـی حوزەیران کۆتایی پێدێت.
تاوەکو ئەمڕۆ لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو، 25 یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشانداوە و پێنج هاوپەیمانێتى نوێ پەسند کراون.
11 هاوپەیمانێتى نوێى دیکە لە چاوەڕوانى پەسندکردندان. جومانە غەلاى دەڵێت: "ئەو 11 هاوپەیمانێتییە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە و تەنیا پەسندکردنیان ماوە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە."
هاوکات 16 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە کە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت.
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون.
بڕیارە 11ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
