لیستی مووچەى مانگى پێنج ڕادەستی بەغدا کرا

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
هاوکات وەفدێكی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدادە بۆ وەڵامدانەوەی تێبینیەكان لەسەر لیستەكە.
بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، بە شێوازی پەیرۆڵ ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كردووە، هەموو داواكاریەكانی بەغداشی جێبەجێكردووە، هەم تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەشی رادەستی بەغداد كردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ئێستا لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی نییە و هەر پاساوێك بهێنرێتەوە بۆ دواخستنی ناردنی مووچەیە".
2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.
وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە.
هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە".
