هەسەدە هێرشێکی داعشی لە دێرەزور پوچەڵکردەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هێزەکانی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت پیلانی هێرشێکی چەتەکانی داعشیان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور پوچەڵکردووەتەوە و چەتەیەکیان کوشتووە و یەکێکیش هەڵاتووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک -قەسەدە سەبارەت بە هێرشێكی چەتەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
قەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی سێ شەممە لەسەر هەواڵدەری گەلی هەرێمەکە هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە سنوورەکە و جموجوڵی گوماناوی هەبوو، یەکینەکان لە ماوەیەکی کورتدا بازنەیەکی ئەمنییان درووستکرد و دوای ئەوەی شانەی چەتەکانی داعش کەوتنە کەمینەکەوە شەڕ ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا، چەتەیەکی دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵات.
ئاماژەى بەوەشکردووە، چەتەکان پلانیانیان دانابوو مین و بۆمبی چێندراو لەو هەرێمانەدا بچێنن کە هێزەکانی قەسەدە تێیدا جێگیر بوون، هەروەها دوای شەڕەکە لێگەڕینێکی بەرفراوان لە هەرێمەکە دەستیپێکرد.
قەسەدە باسی لەوەشکردووە، لە سایەیی هەستیاری و هاوکاری گەلی هەرێمەکەوە ڕووداوەکە ڕێگری لێکراوە، دەشڵێت: ئۆپراسیۆنەکان لە بەرامبەر شانە نووستووەکانی داعش بەردەوامە.
