بارزانی: ناكرێت قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
بارزانی ڕایدەگەیەنێت ناكرێ قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەكشەممە 25ـی ئایاری 2025 مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كرد.
هەر لەو كۆبوونەوەدا بارزانی، لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتی و زوڵمە كرد كە حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت و سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدات.
بارزانی ڕاشیگەیاند كە حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتیان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت.
جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پرەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن.
لەو دیدارەدا، سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی تری عێراق كردەوە، شاندی میوان ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی ئاستەنگ بەڵام هەرێم توانیویەتی لەسەر ڕێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت.
هەروەها ڕاشیانگەیاند كە ئەوان لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەگەن و پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە.
