شەرقلئەوسەت: بەغداد پاشگەزبووەتەوە لە تۆمەتبارکردنی کوردستان بە واژۆکردنی گرێبەستی تاکلایەنە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی راگەیەندراوی دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەغداد پاشگەزبووەتەوە لەوەی کوردستان تۆمەتباربکات بە دروستکردنی پەیوەندی تاکلایەنە لەگەڵ واشنتن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە ملیار دۆلارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بە هۆکاری ئەوەی گرێبەستەکان بەبێ ئاگاداری بەغداد کراون، هەرزوو لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بە زمانێکی نەرمتر داوای پابەندبوونی دەستووری کرد لە چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وا گرنگ.

شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە واژۆکردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەندراوی دووەمدا بەغداد لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەزبووەتەوە و بە زمانێکی نەرمتر تەنها داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی کردووە.

رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەمە هەڵوێستێکی نامۆ و لاستیکییە، چونکە هێشتا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولاوە نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز پەسەندبکرێت.

لەدوای رێککەوتنەکە ئەمریکا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ گرێبەستەکان دەربڕی و لە دانیشتنێکی کۆنگرێسیشدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری بە عێراقدا بۆ بەهێزکردنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن “دەبێت رێز لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق بگرێت.”

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار