هاوسەرۆکی دەم پارتی: داخوازیی سەرەکیمان دیموکراسییبوونی تورکیایە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان 'دەم پارتی' لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەکە دەڵێت: ئەرکی سەرەکی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەستۆی پەرلەماندایە، بەڵام هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا داخوازیی لە پێشینە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسییە.

هاتیمئۆغولاری، بۆ میدیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، پرۆسەی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێ کردووە، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی ئاشتی لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا، دەشڵێت: دەبێت هەوڵی جددی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە و دەرفەتە بدرێت.

گوتیشی: کاتێک دەرفەتێکی وەها مێژوویی دێتە پێشەوە، ئەگەر کار  و هەوڵی جددی نەکەین، ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بهێنرێتە دی.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتی هەن، پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لە هەنگاوەکان دەکەینەوە و درێغی ناکەین لە دووبارەکردنەوەیان تا بەدی دێن، لەوانە پێویستە هەموو زیندانییەکانی دۆسیەی کۆبانی، بە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەوانەی دیکەش ئازاد بکرێن.

هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە چەند یاسایەکدا کرد و گوتی: دەبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بکرێت، چونکە مانەوەی یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم دیموکراسیدا.

تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە ڕۆڵی ئاشتیی تورکیا لە ناوچەکە کردووە و دەڵێت: ئەو ڕۆڵەی ئێستای تورکیا لە ئاشتەوایی ناوچەکەدا دەیگێڕێت، بە دڵنیاییەوە گرنگە، بەڵام گرنگە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گەلی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە بنرێت و بەدی بهێنرێت، دواتر دەتوانرێت ئاشتییەکی هاوشێوە لە سووریا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار