دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ تاوتوێی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، رۆژی شەشەی تەمموزی داهاتوو، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای هەریەک لە عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سروە عەبدولواحید ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

هاوکات عومەر گوڵپی رایگەیاند، لە سکاڵاکەیدا کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگا بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، راسپاردنی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی‌ هەڵبژاردن بەزووترین کات، وەرگرتنەوەی‌ هەموو ئەو ئیمتیازە مادییانەی‌ کە 97 پەرلەمانتار لە ماوەی‌ رابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی‌ هیچ کارێکیان نەکردووە.

عومەر گوڵپی پێیوایە ئەنجامەکانی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی‌ خەڵکی‌ کوردستان بکات و ببێتە چاودێر بەسەر حکومەتەوە، دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هێشتا توانای‌ ئەوەی‌ نییە کۆبوونەوەی‌ یەکەمی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ بەڕێوەبەرێت و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەڵبژێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار