هەسەدە و حکومەتی دیمشق لەسەر چۆڵکردنی کەمپی هۆل ڕێککەوتن

دوێنێ



 

دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای سووریا "هەسەدە" ڕایانگەیاند "لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق ڕێککەوتوون بۆ چۆڵکردنی کەمپی هۆل، کە دەیان هەزار کەسی تێدایە و پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.

شێخموس ئەحمەد، بەرپرسێکی هەسەدە ڕایگەیاند "لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتین بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل" ئەوەش دوای کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتە خۆجێییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی لە دیمەشق و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە شەڕی داعش دەکەن.

بەرپرسەکەی هەسەدە، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی کەمپەکە ڕادەستی دیمەشق بکرێت و دەڵێت: لە دیمەشق، هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە لەگەڵ شاندی سەردانکەر یان لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق نەکراوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانێکە باس لە خراپی بارودۆخی ژیان و توندوتیژی بەربڵاو لە ناو کەمپەکەدا دەکەن کە نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە، زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعش و لایەنگرانی ئەو گرووپەن. هەروەها کەمپەکە عێراقیەکان و هەروەها هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەخۆدەگرن کە پێشتر پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە.

سەبارەت بە سوورییەکانی ناو کەمپەکە، چەند ساڵێکە میکانیزمێک کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێکهاتەکانیان لەو ناوچانەی لەلایەن ئیدارەی کوردییەوە کۆنترۆڵ کراون، ناوەندەکانی یەکگرتنەوەیان تێدا کراوەتەوە.

بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق نەکراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی.

ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق، دوابەدوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا.

بەپێی ڕێککەوتنێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە" کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و کوردەکان سەرکردایەتی دەکات، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات بخرێتە ناو هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی نوێی سووریاوە. هەروەها بڕیارە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەو زیندانانەی کە نزیکەی 9 هەزار گومانلێکراوی داعشیان تێدایە بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار