فراکسیۆنی دەم پارتی: گرنگە قسە و کردەوەكان بە یاسا گەرەنتی بكرێن

دوێنێ
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: زۆر گرنگە قسە و کردەوەكان بە یاسا گەرەنتی بكرێن، بە خێرایی بنەمایەکی یاسایی دابمەزرێنین کە هیچ کەسێک تێیدا پاشەکشە نەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد.
کۆچیگیت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا بەڕێوەچوو، وتی: ئەگەر خشتەی کاتیی بۆ پاکێجی لەسێدارەدان لەم هەفتەیەدا بخرێتە بەردەم لیژنەکە پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ یان سبەی دەرگای واژۆکردن لەسەری بكرێتەوە، ئەگەر هەینی بخرێتە بەردەم لیژنەکە، پێنجشەممە یان هەینی واژودەكرێت و، پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی گشتی و پێش پشوو ببێت بە یاسا.
هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشكرد: قسە و کردارەکان بەنرخن، بەڵام دەبێت بە گەرەنتی یاسایی پشتگیری بکرێن، جەختی لەوە شکردەوە: دانوستانەکانی ئاشتی دەبێت بە گەرەنتی یاسایی پشتگیری بکرێن، هەروەها بە خێرایی بنەمایەکی یاسایی دابمەزرێنین کە هیچ کەسێک تێیدا پاشەکشە نەکات لە دانوستانەکانی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد.
سەپارەت بە دۆخی زیندانەکانی تورکیاش وتی: لە زیندانەکانی تورکیادا دەیان هەزار زیندانی سیاسی هەن، گرنگترین تایبەتمەندیش كە زیندانیانی سیاسی جیادەكاتەوە ئەوەیە، بەهۆی بۆچون و بیرو کردارەکانیانەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی دیموکراسییە لەم وڵاتەدا، زیندانی كراون.
