سەرکردەیەکی باڵاى کورد: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ دیمشق دەستبەرداری لامەرکەزی نابین

3 مانگ لەمەوپێش
لە کاتێکدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەنیازە بەم زووانە گەشت بکات بۆ دیمەشق بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەت، سەرکردەیەکی دیاری کورد وتی داواکاری فرەیی لامەرکەزی لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدا "ناتوانرێت دەستبەرداری بێت".
ئەو بەرپرسە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانس فرانس پرێس، جەختی لەوە کردەوە کە "سوریایەکی لامەرکەزی، فرەیی، دیموکراسی چارەسەری ئایدیاڵە بۆ هەموو ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی ئێستا هەن".
هەروەها بڕوای خۆی دەربڕیوە پێویستە لەداهاتوودا هەمەڕەنگى کۆمەڵگای سوریا لەبەرچاووبگرێت و ئەو سیستەمە سیاسییەى دادەنڕیت لایەنە زلهێزەکان قۆرخى نەکەن دان بە تایبەتمەندی ناوچە و پێکهاتەکاندا بنرێت، ئەمەش بەپێی ئاژانس فرانس پرێس.
هاوکات ئەو بەرپرسە باڵایەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم پێشنیازە یەکێک دەبێت لە پرسە بنەڕەتییەکان بۆ دانوستان و ناتوانرێت دەستبەرداری لێبکرێت".
هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو لیژنەیەک کە نوێنەرایەتى هەموو لایەنە کوردیەکان دەکات، بەنیازن به م زووانه سەردانى دیمشق بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسى کوردو چۆنیەتى دەستەبەرکردن و جێگرکردنى مافە دەستووریەکانى گەلی کورد=.
ئەو یەرسە ئاماژەی بەوەدا کە "گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لەسەر پرسە جیاوازەکان بەردەوامن"، بەڵام دانی بەوەدانا کە گفتوگۆکان باس لە "پرسگەلێکی سەخت و ئاڵۆز دەکات و پێویستی بە دروستکردنی پردی متمانەی زیاتر لە نێوان هەردوولا هەیە لە جاران".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "رێبازی ناوەندگەرایی بۆ بەڕێوەبردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بەبێ قبوڵکردنی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و دابەشکردنی ڕۆڵ و دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوەند و هەرێمەکاندا، دانوستانەکان دەکاتە پرۆسەیەکی قورس و خاو".
پێشتریش ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری کورد ڕایگەیاندبوو، پارتە کوردییەکانی سوریا بەمزوانە شاندێک دەنێرن بۆ دیمەشق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئایندەی سیاسی ناوچەکەیان، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، سەرەڕای دژایەتی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان نوێیەكانی سوریا.
مانگی رابردوو گروپە کوردە رکابەرەکان لە سوریا، دیدگایەکی هاوبەشیان راگەیاند، كە داوای یەکخستنی ناوچە کوردییەکانیان دەكات وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا، بە ئامانجی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستیهێناوە لە کاتی شەڕدا.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، هێزی باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بە رۆیتەرزی وتووە: بەڵگەنامەی دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق و شاندەكە نزیكە لە ئامادەبون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق.

