کۆمیسیۆن: دەست بەوەرگرتنی کارمەند دەکەین بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن

دوێنێ
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆن و 550 هەزار کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە و ئەوەش ئاستێکی بەرزە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند، "ئاستی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ملیۆنێک و 550 هەزار کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و ئەوەش ئاستێکی بەرزە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و نیشاندەرە، کە هاوڵاتییان دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن".
ئەوەشی راگەیاند، "ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان کۆتاییهاتووە و ئێستاش لە 25ـی مانگەوە دەرگا کراوەتەوە بۆ تۆمارکردنی لیستی بەربژێران لە هاوپەیمانی و حیزبەکان جگەلە و بەربژێرانی تاک".
عیماد جەمیل، گوتیشى، "کۆمیسیۆن چەند رۆژێکی دیکە دەستدەکات بە تۆمارکردن و وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە پێویستمان بە 300 هەزار کارمەندە بۆ ئیدارەدانی پرسەکە و ئەوانیش دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، لەگەڵ فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبن، هەروەها ئەو کارمەندانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە خولی راهێنانیان پێدەدرێت و فێری چۆنییەتی بەکارهێنانی سیستمەکە دەکرێن".
عیماد جەمیل، راشیگەیاند، لە پاش 15ـی حوزەیرانەوە جارێکی دیکە وادەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران درێژناکرێتەوە، باسی لەوەشکرد لەم هەڵبژاردنەدا سێ ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەری نوێ بۆ یەکەم جار بەشداری دەکەن.
