بەسێ هۆزات: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە، پەیوەستە بە ئازادکردنی ئۆجەلانەوە

دوێنێ



 

بەسێ هۆزات ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی دوانزەی پەکەکە، پەیوەستە بە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانەوە.

بەسێ هۆزات بە مەدیا خەبەری گوتووە، چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تەنها پەیوەستن بە ئازادکردنی جەستەیی ئۆجالان، ئەوەش بەشێکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی ئاشتی و بەبێ ئەو هەنگاوە هیچ شتێک ناکرێت.

بە گوتەی بەسێ هۆزات، دەبێت تورکیا دان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیکدا بنێت و لەسەر ئەو بنەمایە دەستوور هەمواربکرێتەوە، بەپێچەوانەوە هیچ بڕیارێکی کۆنگرەی دوانزەی پەکەکە جێبەجێناکرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە دەستووری تورکیا ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی تورکیا مسۆگەر بکات، کۆنگرەی پەکەکە و بڕیارەکانی ئاماژەی جدیبوونی پەکەکەن لە پرۆسەکەدا، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە پەیوەستە بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیاوە.


دەقى قسەکانى 
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات لە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد.

بەسێ هۆزات لەسەرەتای قسەکانییدا هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و مانگی ئایاری لە کەسێتی شەهید حەقی کارەرەدا بیرهێنایەوە و بە ئامەژەدان بە بایەخداری و  سەنگینی تێکۆشانی حەقی کارەر لە مێژووی ڕزگارییدا گوتی: "هەموو تایبەتەمەندییەکانی پێشەنگایەتی لە کەسێتی خۆدا ناونشین کردبوو، زۆر باش لە ڕێبەر ئاپۆ تێگەشتبوو. ڕێبەر ئاپۆ بە گوتنی 'روحی شاراوەمە' هەڤاڵ کارەرەی پێناسە دەکرد. پارتیبوونی پەکەکە بۆ بۆ بیرهێنانەوەی وی پێکهات و لەسەر هێڵی وی تێکۆشان گەیشتە ئەم ئاستە."

بەسێ هۆزات لە بەردەوامیدا گوتی: "لە کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەدا شەهید بوونی هەردوو هەڤاڵمان فواد و ڕەزا ڕاگەیاندرا. ئەمانیش هاوڕێی سەرەتای ڕێبەر ئاپۆ بوون. لێگەڕی مەزنی حەقیقەت و ڕێبواری ڕێچکەی ڕێبەرێتی بوون، خۆیان خودی حەقیقەت بوون. بەڕاستی ڕەنجێکی مەزنیان دا لە مێژووی تێکۆشانماندا. بەهانی مەزنیان ئافراند. بەڕاستی لە تێکۆشان لەسەر هێڵی ئەم هەڤاڵانە پێشکەوتنی مەزنی هێنایە ئاراوە. بە گوتنی ڕێبەر ئاپۆ، هەڤاڵان بۆ پرۆسەی نوێ، پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'، بۆ سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبنە هێزی سودلێوەرگرتن. بۆیە دڵسۆزی خەون و یادکردنەوەیان دەبین. بێگومان پێشوازی گەلەکەمان لە هەموو جێگەیەک لە ڕاگەیاندنی شەهادەتییان زۆر ماندار و گرنگ بوو. دوای یادکردنەوەکان بنەماڵەی هەردوو هەڤاڵ پەیامێکییان بڵاوکردەوە و پێشوازییەکی گەرمیان لە هەڵوێستی گەل کرد و سڵاویان کرد. لەم بابەتەدا سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی. بەڕاستی ئەم پەیامە ماندار و جەوهەردار بوو.

هەڤاڵ فواد لە ئەکادیمیا لە کاتی پێدانی پەروەردەدا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانییدا لە ٣ـی تەمموزی ٢٠١٨دا لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵی دیکەدا شەهید بوو. هەڤاڵ فواد ویژدانی مرۆڤایەتی و گەلی کورددە. مرۆڤ دەتوانێت بەم جۆرە وەسفی بکات. بەڕاستی خودی حەقیقەت بوو. چۆن دەتوانین لە هەڤاڵ فواد تێبگەین؟ بەڕاستی لە بەرانبەر هەڵە و کەموکوڕییدا زۆر توڕە دەبوو، بۆ بابەتی باش، درووست و جوان خۆشەویستییەکی قوڵی هەبوو. لە هەموو رووداوێکدا دەمانگوت داخۆ هەڤاڵ فواد چۆن بیری لێ دەکاتەوە و چۆنی هەڵدەسەنگێنێت؟ هەمووکاتێک لە مەراقی ئەوەدابووین. لە سەختترین کاتەکاندا مۆراڵ و هێز بەخشێکی مەزن بوو.

هەروەها هەڤاڵ ڕەزایش هەڤاڵێکی زۆر هێژا بوو. بەراستی ژیر و زیرەک بوو، ئەو شتەی کەسی بیری بۆ نەدەچوو ئەو دەبینی و هەڵیدەسەنگاند. هێزە ڕێکخستنییەکانی کاریگەرییەکی گەلێک مەزن بوو. هونەری قەناعەت پێکردنی زۆر کاریگەر بوو. لە هەموو بارودۆخێکی سەختدا دەیزانی چۆن هێز و مۆراڵ ببەخشێتەوە. بەراستی هەردوو هەڤاڵ ئاستی ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنبوونیان زۆر قوڵ بوو. چەندین هەڤاڵیان پەروەردە کرد. بەڕاستی بەهای مەزن و قوڵییان ئافراند. دڵسۆزییان دەبین. بێگومان بۆ پێکهێنانی خەیاڵەکانیان تێدەکۆشین.

لە کۆنگرەدا بەڕێز و پێزانینەوە سری سورەیا ئۆندەرمان یاد کردەوە، ئەویش مرۆڤێکی هێژا بوو، لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی باوەڕی بە خوشک-برایەتی گەلان هێنابوو، لەو پێناوەدا گیانی بەخشی. بەڕاستی بۆ سودی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشەنگ بوو. ڕەنجێکی مەزنی دا بۆیە جارێکی دیکە بەڕێز و پیزانینەوە یادی دەکەمەوە."

پەیوەست بە هۆکارەکانی بەستی کۆنگرە و بڕیارە وەرگیراوەکانی کۆنگرە بۆ جێبەجێ کردنیان، وە قۆناغی دوای کۆنگرەکە بەسێ هۆزات ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد:

'ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مەرجی جێبەجێ کردنی پرۆسەکەیە'

"لە ڕاستییدا لە کۆتای ٢٠٢٤ و وە سەرەتای ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکرد و لە دواتردا ئەم پێشکەوتنە بەردەوام بوو. چوینە پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و مێژووییەوە. جەنگی جیهانی سێهەم لە هەرێمەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گوڕتر بوو. داڕشتنەوەی هەرێمەکە بەم شێوەیە لە ڕۆژڤدایە. ناتوانین پرۆسەکە بە دوور لەم ڕووداوانە بە کۆیی ململانێکانییەوە هەڵسەنگێنین. مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لە قەیرانێکی قوڵدایە سیستەم لەرزۆک بووە و لە پرۆسەی سەرلەنوێ خۆ داڕشتنەوەدایە. ئەمەش لەسەر هەرێمەکە بەڕێوەدەبرێت. لە ئاستی ئێستادا هاوسەنگییەکانی سەدەی ٢١ و سیستەمە سیاسیەکەی سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە. دارشتنەوەی هەرێمەکەیش لەسەر بناغەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ئیسرائیل لە هەرێمەکەدا دەبێتە هێزێکی بنەڕەتی هەژموونی و کاریگەرییاکانی زیاتر دەبێت. بە پشتگیری جیاوازی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواوە ئەمە دەکات. بێگومان ئەم ڕوودا و پەرەسەندنانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کوردیش دەکات. چونکی کوردیش لەناو دیزانیەکەدایە، لە ناو ڕووداوەکان و شەڕەکاندایە. هەموو ئەم هێزانەش لەسەرووی هەموویەوە ئەمریکا و ئیسرائیل حساباتی تایبەتییان هەیە دەربارەی کورد. بێگومان ئەم ڕووداوانەش لە ئاستێکی جددیدا کاریگەری لەسەر تورکیا کرد. ترساندی. بەتایبەت لەناو ئەو لایەنانەدا کە لە پرسی مانەوەی دەوڵەتدا دەژین، نیگەرانی مەزنی ئافراند.

لەبەرئەوەی تێکۆشانی ٥٢ ساڵە درێژەی هەبوو، لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە بۆ گەلان بەهای زۆر گرنگی بۆ کوردستان و هەرێمەکە ئافراند. وێڕای هەموو شەڕ و سیاستە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک نەیتوانی تەڤگەری ئازادی لەناوبەرێت. تەڤگەر زیند بوو. بە پەرەسەندی ئەم ڕووداوانەش بوونی تەڤگەر ترس و نیگەرانییەکانی لەو لایەنانەدا زیاتر کرد. هەموو ئەم ڕووداوانە بوونە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیالۆگ بکەن. دوای ئەوەی شاندی دەوڵەت لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیالۆگییان کرد، ڕێبەر ئاپۆ سەنگی دا بەم پێشهاتە. بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی هەبوو. دەوڵەت باخچەلیش گوزارشت لە عەقڵی دەوڵەت دەکات. لە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردندا هێڵی باخچەلی بەڕێوەدەبرێت. بێگومان بانگەوازییەکە گوزارشتە لە عەقڵی سەدەی دەوڵەت، فەلسەفە، ئایدۆلۆژیایی دامەزراندن و فەرمی دەوڵەت، بۆیە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بە گرنگ بینرا. وەڵامی ئەم بانگەوازییەی دایەوە.

پەوەست بە کوردانەوە حسابات و پلانی زۆر هەیە هەموو هێزێک لە گوێرەی بەرژوەندییەکانی خۆی سیاسەت و ستراتیژی بەڕێوەدەبات. بێگومان ڕێبەر ئاپۆیش نایەوێت ئەو بەهایانەی ئافرێندراون لە لایەن ئەم هێزانەوە لە دژی گەلان، لە دژی گەلی کورد بەکاربهێندرێت. بەڕاستی ڕێبەر ئاپۆ وڵاتپارێزێکی گەورەی کوردستان و تورکیایە. لەسەر بنەمای بەرژوەندی و ئازادی گەلان و دیموکراسی هەرێمەکە و تورکیا دەجوڵێتەوە و نزیک دەبێتەوە. لەم بابەتەدا هەستیارییەکی زۆر بڵندی هەیە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەیی هەڵسەنگاند و دەستپێشخەری ئافراند. بانگەوازی لە تەڤگەر کرد و تەڤگەریش وەڵامێکی ئەرێنی دایەوە. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ویستی تەڤگەر بخاتەناو پرۆسەیەکی بنەڕەتی گۆڕین و گۆڕانکارییەوە. نزیکایەتی تەڤگەریش لێرەدا ئەرێنی بوو. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرە کۆبووەوە. لە نێوان ٥-٧ی ئایار کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کۆبووەوە. ڕێبەر ئاپۆ ڕوانگەی گرنگی دا بە کۆنگرە و کۆنگرەکە بەوەوە بەڕێوەچوو. هەرخۆی پێش کۆنگرە خواستی سەرەکیمان ئەمە بوو. گوتمان بەبێ ڕێبەر ئاپۆ ناتوانین کۆنگرە ببەستین، تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێ کۆنگرە کۆکاتەوە و بەڕێوەی ببات. ئەمەش وەڵام درایەوە. ڕوانگەی بەرفراوانی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە کۆنگرەکە. بەڕێ و ڕێبازی جیاوازیش بەشداربوونی ڕێبەر ئاپۆ پێکهات. ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستێکی پێویستدا بەشداری کۆنگرە بوو، کۆنگرەی بەڕێوەبرد. کۆنگرە لەسەر بنەمای ئەم ڕوانگانە گفتوگۆی بەرفراوانی کرد. بڕیاری بنەڕەتی کۆنگرە فەسخکردنی پەکەکە، کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری بوو. ئەمە ڕووداوی گرنگی کۆنگرە بوو.

لەم بابەتەشدا گفتوگۆی بەرفراوان کرا. بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە، یانی جێبەجێ کردنی، پراکتیزەکردنی بڕیاری فەسخکردنی پەکەکە، ڕاوەستاندنی تێکۆشانی چەکدارییش تەنها پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە. پەیوەستە بەوەوە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێندرێت و بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ ئەم تێکۆشانە بەڕێوەبەرێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەو بڕیارانە کردەی بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت. هەروەها ئەمە بەشێکی بنەڕەتی پرۆسەیەکە و بەم شێوەیە نەبێت بەرێوەنابرێت؛ دەبێت دان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیکدا بنرێت. وە لەسەر ئەم بنەمایە هەمواری یاسایی و دەستووری بکرێت. بۆیە تا کۆیی ئەم شتانە جێبەجێ نەکرێت هیچ ئیمکانێکی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی کۆنگرە نییە.

لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەوە لە ناو میدیای دەسەڵاتداری و شەڕی تایبەتدا مشتومڕی زۆر هەیە. بەڕاستی گفتوگۆگەلێکی چاوبرسیانە و ناپێویست بەڕێوەدەبەن دەربارەی چەک. دەمەوێت بە تایبەت دەستنیشانی بکەم کە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە پەیوەستە بە؛ ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ، ئافراندنی هەلومەرجی ئازادی ژیان و کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ، داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیک، پێکهێنانی هەموار و گۆڕینی یاسای و دەستووریەوە. بۆئەوەی ئەمەش ئەنجامگیر بێت دەبێت دەستووری بنەڕەتییەک بنووسرێتەوە کە دیموکراتیک، ئازادی پارێز و یەکسانی گەلان مسۆگەر بکات، ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی تورکیا مسۆگەر بکات. ڕەنگە نەتوانرێت بەمزوو ئەمانە بکرێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەبێت دەستوری دیموکراتیک و ئازادی پارێز بهێنرێتەئاراوە. ئەمە گەرەنتییە. بڕیاری بنەرەتی کۆنگرەش ئەمە بوو؛ ئەمنێتێکی یەکپارچە، بەهێزی یاسای. بڕیارێکی لەم شێوەیە وەرگیراوە. بێگومان مانای ئەم بڕیارەش هەر ئەمەیە. ڕێبەریشمان وەک 'هاوپەیمانێتی کۆمەڵگەیی' هێنایە زمان. لە ئیستادا لە تورکیاشدا ڕۆژەڤێکی لەم جۆرە لە ئارادایە. بێگومان دەسەڵاتداری هەموو کاتێک هەوڵدەدات ئەمە بەرەو خۆی کێش بکات. لەم بابەتەدا نزیکایەتی ئاکەپە جدی نییە، سەرقاڵکردن و خۆ سورکردنەوەیە. نزیکایەتییەکی لەم شێوەیە. ئەوەی هەیە سەرقاڵکردنەو هۆکاری ئەمەش دەسەڵاتداری و ئاکەپەیە. ئەو گفتوگۆیانەی لە دوای کۆنگرەوە کران نیشان دەری ئەوەن چەندە بە جددیەتەوە نزیک دەبێتەوە. بڕیارەکانی کۆنگرە ڕوونە؛ فەسخکرن و کۆتایهێنانە بە ڕیبازی تێکۆشانی چەکداری، کۆنگرە بەمشێوەیە کۆتای بە کاتی تێکۆشانی چەکداری هێناوە، بەڵام جێبەجێ کردنییان پەیوەستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیک، پێکهێنانی هەموارکردنەوەی دەستووری و یاسایی. تەنها بەم مەرجانەوە دەتوانرێت کردەی ببێتەوە.

هەروەها لە دوای کۆنگرەوە دەبوایە دەستەڵاتداری لەم بابەتەدا هەنگاوی جدی بنابایە؛ لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە تا بگات بە داننانی بە سیاسەتی دیموکراتیک، هەموارکردنەوەی یاسایی و دەستووری، لە بری ئەمانە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی مشتومڕی چەکدانانە. خودی کۆنگرە نزیکایەتی نیشاندا، بڕیارەکانی ڕوونە و بە جیهانی ڕاگەیاند، هەموو ئەمانە لە ئارادایە. ئیرادەی خۆی نیشان دا. لەم بابەتەشدا گفتوگۆیەکی دروست، ڕۆژەڤێکی دروست نەئافرێندراوە. پێویستە هەموو ئەمانە بە خێرای چارەسەر بکرێن. ئەمە زۆر ڕوونە. بە ڕوونی دەڵێین؛ تەنها خودی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانی چەک لە شەڕڤانان وەرگرێت. ئەمەش تەنها بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. کەواتە ئەم مرۆڤانە چی دەکەن؟ باشە ئەم کەسانە کۆتاییان بە شێوازی خەباتی چەکداری هێنا، پەکەکە بڕیاریدا کۆتایی پێبهێنێت، خەباتی چەکداری ئەنجام نادات، بەڵکو سیاسەتی دیموکراسی جێگەی خەباتی چەکداری دەگرێتەوە. ئەم کەسانە دێن بۆئەوەی سیاسەتی دیموکراتیکی بکەن، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە رێکخستن بکەن، بەشداری کاری دیموکراتیکی ببن. بەڵام ئەم مرۆڤانە ملی خۆیان ناخەنەژێر شمشێری لەناوچوونی خۆیانەوە. ناچنە زیندانەکانەوە. لەم بابەتەدا نزیکایەتییەکی نا جددیانە لە ئارادایە. بەڕاستی دەبێت ڕۆژەڤ لەم بابەتەدا بە درووستی دیاری بکرێت و گفتوگۆی بکرێت. ئەمەش مانای کات کوشتن  و سەرقاڵ کردن دێت. دەبێت مرۆڤ لەمە ڕزگار بکرێت، هەروەها دەبێت دەبێت لەم زمانە ژەهراوییە ڕزگارییان ببێت. لە پرۆسەیەکەی جدییداین. تورکیا بە گشتی دەگۆڕێت، گۆرانەکە بە تەنها بۆ کورد نییە. ئەمە بەمانای پرسەیەکەی گۆڕین و گۆڕانکاری تەواوی تورکیا دێت، بە مانای دیموکراتیزەکردنی تورکیا دێت. پێویستە کۆمەڵگەی بۆ ئامادە و بەشدار بکرێت، پێویستە خاوەندارێتییەکی بەهێز لە نێو کۆمەڵگەدا بۆ پرۆسەکە بئافرێنرێت. کێ ئەمە دەکات؟ بێگومان سیاسەت دەیکات، ڕاگەیاندن دەیکات. ئەوەی لە ئێستادا هەیە نە زمانی سیاسەتە نە زمانی ڕاگەیاندنە.

ڕێبەر ئاپۆیش زمانی ڕاگەیاندن ڕەخنە دەکات

بەڵی ڕەخنەی دەکات. زمانی ڕاگەیاندن زمانی پروپاگەندەی شەڕە. هەڕەشەکردن و ژەهر ڕشتن ئاراستەی کۆمەڵگە دەکات، جەختکردنەوەیە لە نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی. زمانی دووژمنایەتیکردنی کوردانە. چ پەیوەندییەکەی بە خوشک-برایەتی کورد و تورکەوەیە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی؟ بەم زمانەوە تورکیا دیموکراتیک نابێت، ناتوانرێت کۆمەڵگە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئامادە بکرێت. ناتوانرێت بەم شێوەیە کۆمەڵگە بەشداری پرۆسەکە بکرێت. بە بەردەوامی پێنوسی ژەهر دەدەنە کۆمەڵگە. هەروەها ئەو کۆمەڵانەی قسەدەکەن قەت ناگۆڕێن. ئەوەی ئەم چەندساڵە دووژمنایەتی کوردان و کرێخۆری جەنگیان کردووە، بە ئێستاشەوە لە راگەیاندنەکانەوە هەمان زمان دووبارەدەکەنەوە ژەهر دەرژێنە کۆمەڵگەوە. لەم بابەتەشدا هیچ گۆڕانکارییەک نییە، هیچ دارشتنەوەیەکی ڕاگەیاندنیش لە ئارادا نییە. ئەم دۆخە نابێتە جێ باوەڕی کەس. لە نێو گەلدا تورەیەکی مەزنی لێ دەکەوێتەوە، هەروەها لە هەموو کەسێک و ئێمەیشدا تورەییەکی مەزنی لێ دەکەوێتەوە. کەس نییە ئەمە نیگەرانی نەکات. بەڕاستی ئەمە نزیکایەتیییەکی جددی نییە و پێویستە بەخێرای کۆتای پێبهێندرێت."

کرێخۆرەی جەنگ پرۆسەکە ژەهراوی دەکەن

بەسێ هۆزات پەیوەست بەو لایەنانەی ڕێگرن و دژی پرۆسەکەن ئەمەی گوت: "ئەم پرۆسەیە دەریخست کە چەند کرێخۆرەی شەڕ لە تورکیا هەیە. لە ڕاستیدا تورکیا خۆی لەسەر کرێخۆرە بونیادناوە. ئەم پرۆسەیە ئەو لایەنانەن زۆر نیگەران دەکات. چونکە ئەگەر ئەم پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەرەوپێش بچێت، و یاسای خوشک-برایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی گەلان دروست ببێت، بەڕاستی گیرفانی ئەم کرێخۆرانە بەتاڵ دەبێتەوە، ژیانی ئاژاوەگێڕانەی ئەم کرێخۆرانە نامێنێت، ئەم کرێخۆرانە ناتوانن دەنگیان بەرز بکەنەوە و شەڕ لە ڕاگەیاندنەوە بوەرژێنن، و ناتوانن هیچ کارێک بکەن. ئەم پرۆسەیە کۆتای بە هەموویان دەهێنێت. هەر بۆیە زۆر تووڕەن، دژی پرۆسەکەن، و لە خوێنی کۆمەڵگە دەخۆن. سیاسەتمەدارێک کە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکات چۆن دەتوانێت ڕێگە بەم کرێخۆرانە بدات کە ٢٤ کاتژمێر لە تەلەفزیۆن قسە بکەن؟ چۆن ئەم کرێخۆر و چەتانە کە ژەهر لە دەمیانەوە دەڕژێت، ڕێگە بە بارۆنە جەنگییەکان دەدەن بەم شێوەیە قسە بکەن؟ بە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەگەڕێن و ژەهر بڵاودەکەنەوە. ئەمەش دۆخێکی جددیش دروست دەکات.

گەیشتووین بەوەی کە ٥٢ ساڵەی شەڕی تورکیا، بەتایبەتی ٤١ ساڵەی شەری بەرفروان، زیانێکی زۆر گەورەی بە تورکیا گەیاندووە. تێکشاندنی ئەخلاقی و خراپبوونی سیاسی و خراپبوونی هەموو بوارەکانی ژیان بووەتە هۆی وێرانکارییەکی جددی. لە ناوە ئەمەشدا دەرفەت و کاری کرێخۆرەی جەنگ رەخسا. خاوەنداری لە شەڕ، خوێن ڕشتن و قەیران دەکەن، هیچ ویژدان و ئەخلاقێکییان نیە، هیچ بیرکردنەوەکیان بۆ ئەنجامدانی کاری ئەخلاقی نییە. ئەم پرۆسەیە زیاتر ڕووی ئەوانەی دەرخست. یانی دەریخست کێ لایەنگری پرۆسەیە و کێیش هانی خوێڕێژی دەدات. بەڕاستی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و نیگەرانییەکییەکان بۆ وڵات و گەل نییە. دیکاتۆری راستەقینە و فاشیست، نەژادپەرستی دەرخست. بێگومان لەبەرانبەر ئەمەشدا ڕەخنەیەکی جدیی هەیە، بە تایبەت لەناو لایەنە دیموکراتیک و میدیای وڵاتپارێزییدا. پێویستە زیاتریش رەخنەیان بکرێت. پێویستە ئەو لایەنە کرێخۆرانە ناوزڕبکرێن و کاری جدی لە دژیان بگریێتەبەر. ئەو لایەنانە پرۆسەکە ژەهراوی دەکەن. ڕۆڵێکی ڕوخێنەری جدی دەگێڕن. گەورەترین ڕێگرین لە پیش پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک."

- لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا دەبێت دۆخی ئۆپۆزسیۆنیش هەڵبسەنگێندرێت. لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە هێرشەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن زیاد دەبێت. ئێوە نزیکایەتی ئۆپۆزسیۆن لە پڕۆسەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هێرشەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن و هێزە دیموکراتیکەکان، ئایا دەکرێت پەیوەندی بە پڕۆسەکەوە هەبێت؟

پەیوەست بەو پرسیارەوە بەسێ هۆزات ئەمەی گوت: "جگە لە هێزە ڕانتخۆرەکان، ئەو کۆنترانەی کە ناوی پارتیان لە خۆناوە، بارۆنەکانی جەنگی وەک پارتی زافر، پارتی IYI  و هتد. کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن پێناسە دەکەن، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە ئۆپۆزسیۆنەوە نییە. جگە لەو هێزانە، بە تایبەتی جەهەپە، ئۆپۆزسیۆنانی دیکە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پرۆسەکە نزیکبوونەوە، پشتگیری پڕۆسەکەیان کرد، ڕاگەیاندراوی ئەرێنییان بڵاو کردەوە. نزیکبوونەوەیان تا ئەمڕۆ خراپ نییە، بەڵام ئەوندەش بەس نییە. لە ئۆپۆزسیۆندا کەسانێک هەن کە ناڕەحەتن، هەن کە ڕەخنە لەم پرۆسەیە دەگرن. هەندێک دەڵێن کوردان و ئاکەپە ڕێکدەکەون کۆمار تەسفیە دەکەن، لە ڕاستیدا ئەم هەڵسەنگاندنە لە دەرەوەی ئەقڵە. چۆن دەتوانن بەم شێوەیە بیربکەنەوە؟ تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ، دەستپێشخەرییەکەی، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک بە ئامانج دەگرێت. گوزارشت لە ژیانی خوشک و برایانەی کورد و تورک دەکات لەسەر بنەمای یەکسانی. گوزارشت لە پێکەوە ژیانی دیموکراتیکی گەلان دەکات. ئەم پرۆسەیە زۆرترین بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی دەکات. ئەگەر گفتوگۆکان بەمجۆرە بەردەوام بێت، دەتوانن زیان بە زۆر شت بگەیەنن، ئاستەنگیان بۆ دروست بکەن. دەتوانێت لە پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەش ببێتە ئاستەنگ. بەم شێوەیە دەبێتە هاوکاری دەسەڵاتداری، خاوەندارێتی لە سیاسەتەکانیان دەکات. دەبێت مرۆڤ نەکەوێتە ئەم دۆخەوە. ئەم نزیکایەتییە نزیکبوونەوەیەکی زۆر هەڵەیە.

جەهەپە تاوەکو ئێستا لە بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە ئۆپۆزسیۆنێكی جدی نییە. لە کاتێکی زۆر سەختدا پشتگیری ئەم دەسەڵاتدارییەی کرد، سیاسەتی بەم شێوەیە بەڕێوەبرد. بوو بە پاڵپشتتی دەسەڵاتداری. بە دەنگی جەهەپە بڕیاری لەسەر هێرشە بێ سنوورەکان و کۆمەڵکووژیەکان لە بەرانبەرکوردان درا. هێرشە قڕکەرەکان هەمووی بەمجۆرە ئەنجام درا. سیاسەتی قەیوم لە هەمانکاتدا ئەنجامی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن بوو. ئێستا جەهەپە وەک دیموکراسی خۆی نیشان دەدات، چ پەیوەندییەکی بەوەوە هەیە؟ ئەگەر ئەمڕۆ جەهەپە بتوانێت بە بوێری قسە بکات، چالاکی بکات، گردبوونەوە و ڕێپێوان ئەنجام بدات و هەندێک سیاسەت شەرمەزار بکات، ئەمە لە سایەی تێکۆشانی کوردان و هێزە دیموکراسییەکانە.

لە پرسی ڕێبەر ئاپۆدا، لە لایەنی هەڵگرتنی گۆشەگیری، نەهێشتنی سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی، ئافراندنی هەلومەرجی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ؛ لە بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیەدا کە بتوانێت بە ئازادی مامەڵە بکات، لەگەڵ هەموو بازنەکان کۆببێتەوە و جەهەپە و ئۆپۆزسیۆن دەتوانن بە بوێری زیاترەوە لەمە نزیک ببنەوە. دەتوانن موخاتەبی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکەن، دەبێت قبوڵی بکەن. ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت تەنها بەمجۆرە بەڕێوەبچێت. هەر بۆیە دەڵێم، بەشداری کەمە. ڕاگەیاندراو، هەڵوێستی ئەرێنییە، بەڵام زۆر کەمە. دەبێت لەم پرسەدا بە بوێری مامەڵە بکەن. لەسەر ئۆپۆزسیۆن هێرشی جدی دەسەڵات هەیە. بێگومان ئەم هێرشانە بۆ ئامانجێکە. بەم هێرشانە دەسەڵات نیگەرانی لای ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە پرۆسەکە دروست دەکات. بەربەستێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن کە بە شێوەیەکی گشتی بەشداری پرۆسەکە بکات. بەربەستێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن کە خاوەندارێتی گشتی لەم پرۆسەیە بکات. ئێمە بەمجۆرە هەڵیدەسەگنێنین.

ئاکەپە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە بە زانابوون ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی پرۆسەکە دەهێڵێتەوە، ڕێگە نادات ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی گشتی خاوەندارێتی لە پرۆسەکە بکات. ئەمەش زۆر مەترسیدارە. ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئەم ڕاستییە ببینێت، بەڵام نەکەوێتە ناو ئەم تەڵەیەوە. چونکە ئامانجی بنەڕەتی ئەم هێرشانە ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن بکرێتە دووژمنی پرۆسەکە، ئۆپۆزسیۆن بە تەنها جێبهێڵێت، لاوازی بکات، لە کورد و هێزە دیموکراتیکەکانی داببڕێت. ئەم پلان و سیاسەتەی دەسەڵاتداری لەسەر ئۆپۆزسیۆن دەبێت بەم شێوەیە تێکشکێنرێت. دەبێت بە زانابوون، سیاسەت و ڕوانگەیەکی فراوانەوە لێی نزیک ببنەوە. نابێت بکەونە داوی دەسەڵاتدارییەوە."

پەیوەست بە بەشداربوون و کاریگەری ژنان لە پرۆسەکەدا

- ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پڕۆسەیەکی دەستپێکرد. بەشدار بوونی ژنانی لەم پڕۆسەیە گرنگ بینی. لە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆوە ئەمە تێدەگەین. بەشداری بوونی ژنان لەم پڕۆسەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەسێ هۆزات ئاماژەی بە گرنگی و کاریگەری بەشداری ژنان لە پرۆسەکەدا کرد و گوتی: "بەڕاستی ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەی ژنە. پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە گشتی پڕۆسەیەکە بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشت لە ئازادی ژنان دەکات، بە ئازاد بژی، ژیانی خۆی بونیا بنێت، سیستەمی خۆی بونیات بنێت. هەربۆیە ژنان لە ناوەندی ئەم پڕۆسەیەدان، ئەوان تێیدان، لە دڵی ئەو پرۆسەیەدان، ئەوان بنەمایی ئەم پرۆسەیەن، ئەوان هێزی بزوێنەری ئەم پرۆسەیەن، بە وتەی ڕێبەرێتییمان پێشەنگی ئەم پرۆسەیەن. لەبەر ئەمەش دەبێت ژنان بە بەهێزی خاوەندارێتی لەم پڕۆسەیە بکەن، بە بەهێزی بەشداری ئەم پڕۆسەیە ببن، دەبێت لە هەموو شوێنێک سەفەربەرببن. ئەمە گرنگە. لەم بابەتەدا بەرپرسیارێتی و ئاگاداری هەیە. بە تایبەتی لە نێو ژنانی کورد، ژنانی تورکیا، بەڵام ئەمە پێویستی بە بەهێزکردنی زیاتر هەیە. لە سەرانسەری جیهان، لە تەواوی هەرێمەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت تەڤگەری ژنانی کورد کارەکانیان بەمجۆرە زیاد بکەن، بە هێزی بکەن. با لە هەرێمەکە، لە جیهان ژنان بەشداری ئەم پرۆسەیە ببن و خاوەندارێتی لێ بکەن. ئەمە چۆن دەبێت؟ بە کاری زۆر دەبێت، بە تێکۆشان دەبێت، بە ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ناو هەموو ژنان دەبێت، بە ڕێکخستنکردنی ئەوان دەبێت.

بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکووژی و توندوتیژییەکان، بۆ ئەوەی ئەم جیهانەی وەک دۆزەخ ببێتە جیهانێکی یەکسان و ئازاد، دیموکراتیک دەبێت ژنان بەهێزی  تێبکۆشن. نوێنەرانی ئەمڕۆی شارستانیەتی پیاو هەموو ڕۆژێک قسە دەکەن، ئەوانەی وڵات، بنەماڵەکان بەڕێوەدەبەن، ئەوانەن کەلتووری ڕەگەزپەرەستی بەڕێوەدەبەن و ئەوانەی هەر ڕۆژ سەبارەت بە بەرهەمهێنان، هاوسەرگیری، دروستکردنی بنەماڵە، کۆمەڵگە، ژن، پیاو قسە دەکەن هاندان بۆ ئەمە دەکەن. لە جیهانێکی وەک دۆزەخدا زیادبوونی دانیشتووان تەنها خاوەندارێتی لە جیهانێک دەکات کە پیاوان زاڵن بەسەریدا. هاوسەرگیرییەک لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو دانەمەزرابێت، کۆمەڵکووژییە.

پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، گوزارشت لە سۆسیالیزمی کۆمەڵگەیی دیموکراتیک، بونیاتنانێکی ئازاد، بونیاتنانی دیموکراتیک و یەکسان، بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد، بونیاتنانی ڕێکخستن، سیاسەت و تێکۆشانی ئازاد دەکات. لەم بابەتەدا ژنان، گەنجان، عەلەوی، کرێکار، ڕەنجدەر، هەموو هێزە دیموکراسییەکان پێکهاتەی بنەڕەتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکن، هەمان بنەمان و پێشەنگن. ئەم ژیانە ژیانی ئەوانە، ژیانی گەلانە، ژیانی ژن، گەنجان، کرێکاران، ڕەنجدەران و عەلەوییەکانە. هەربۆیە دەبێت هەموو ئەم بەشانە بە بەهێزی خاوەندارێتی لەم پرۆسەیە بکەن. پێش هەموو شتێک دەبێت ژنان و گەنجان بەشداری بکەن. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت هەمووکەسێک سەفەربەربێت.

ئەمە بە چاوەڕوانی لە دەسەڵاتداری و دەوڵەت بەدی نایەت. ئەوان بەتەمایی یاریین، بە تەمایی سەرقاڵکردنن. ئەم پرۆسەیە زۆر هێژایە نابێت بۆ ئاکەپە، دەسەڵاتداری جێبهێڵرێت. بۆ کوردان، بۆ گەلان، بۆ ژنان، کرێکاران، ڕەنجدەران و عەلەوییەکانیش بەم شێوەیەیە. هەربۆیە هەرگیز نابێت ئەم پرۆسەیە بۆ دەسەڵاتداری جێبهێڵرێت. ئەگەر بۆ دەسەڵاتداری جێبهێڵرێت ئەم پڕۆسەیە شکست دێنێت. ئەنجامەکەی جارێکی تر شەڕ و توندوتیژی، گێژاو، خوێن، ئازار، فرمێسکی چاوان دەبێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، دەبێت کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی خاوەندارێتی لەم پرۆسەیە بکات، پێویستە هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگە بجوڵێن، بە بەهێزی تێکۆشان بکەن، لە هەموو شوێنێک ڕێکخستن بکات، تێکۆشان بکات و ئەم دەسەڵاتە بەرەو ئەم پرۆسەیە ڕابکێشێت. ئەمەش بە تێکۆشان دەبێت، بە تێکۆشانی ڕێکخستنی دەبێت، بە کارکردن دەبێت. بە کارێکی مەزن، بە تێکۆشانێکی مەزن دەبێت. بە چاوەڕوانی و تەماشاکردن نابێت."

'بەردەوامی هێرشەکان پێداگرییە لەسەر شەڕ'

- لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕ هێشتا بەردەوامە. سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکان بەردەوام دەبێت. هەپەگەش ڕۆژانە ڕاگەیاندراو بڵاو دەکاتەوە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە، هێرشەکان بەردەوامە. لەسەر دوایین دۆخی شەڕ دەتانەوێت چی بڵێن؟

لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکەوە بەسێ هۆزات گوتی: "تاوەکو ئێستا هێرشەکان بەردەوامن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پێداگری لەسەر شەڕ هەیە. نابێت ئەمە بکرێت. تا ئەو هێرشانە بەردەوام بن، بەدڵنیاییەوە گەریلا نابنە قوربانی چەقۆ لە ملی خۆیان، وەڵام دەدەنەوە. پاراستنی ڕەوای خۆیان دەکەن. کەس ڕادەستی لەناوبردن نابێت. ئەمەش هەنگاو بە هەنگاو شەڕەکە قورستر دەکات. ئەگەر هێرشەکان کۆتایی بهاتەیە، بێگومان لایەنی بەرانبەر هەر لە سەرەتاوە بە ئاگربەست وەڵامی ئەم پرۆسەیە دەدایەوە. لە دوای کۆنگرەش، لە دوای بڕیاری کۆتاییهێنان بەوکارانەی بە ناوی پەکەکەوە دەکرێن و کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداریش پێداگری لە شەڕ و هێرشەکان دەکرێت، ئەم پرسە ئیدی بۆ ڕای گشتیی جێدەهێلێن. دەبێت ئیدی هەمووکەسێک ئەم دۆخە هەڵسەنگێنێت. کێ چی دەوێت؟ کێ شەڕی دەوێت، کێ ئاشتی دەوێت؟ کێ تورکیایەکی دیموکراتیکی دەوێت، کێ تورکیایەکی بە ڕانتخۆری و شەڕی دەوێت؟ دەبێت هەمووکەسێک ئەم هەڵسەنگێنێت، ئەمەش لەبەر چاوانە. تاوەکو هێرش هەبێت، بێگومان لە بەرانبەردا پاراستنی ڕەوا دەکرێت. وەک پێشتر شەڕێکی سەخت، هێرشیکی سەخت نییە. لەسەر ئەم بابەتەدا کەمبوونیەکی گرنگ هەیە، بەڵام هێشتا لە بەرەکانی پێشەوە کەشف هەیە، کەشف لە هەموو هەرێمەکان ئەنجام دەدرێن، لە قەندیلیش هەیە. ئەگەر زۆریش نەبێت بەڵام هەیە."

'ئەوەی حکومەتی سودانی دەیکات لە دژی گەلی عێراقە'

- لە گۆڕەپانە جیاوازەکان لەسەر سیاسەتی کورد فشار و هێرش هەیە. یەکێکیش لەوانە هێرشەکانی عێراقە لەسەر کەمپی مەخمور. لەم ماوەی دواییدا دووکەس دەستبەسەرکران و لە بەرانبەر ئەمەدا بەرخۆدان  بەردەوامە. هەروەها دەوڵەتی ئەڵمانیا هاوسەرۆکی پێشووی کەجەدەکە-ئە یوکسەل کۆچی زیندانی کرد. بەهۆی کارە سیاسییەکانییەوە. دەبێت لەم پڕۆسەیەدا ئامانجی ئەم فشارانە چی بێت؟

لە بارەی گەمارۆدان و دۆخی ئەم دواییەی مەخموور لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بەسێ هۆزات ئەمەی گوت: "ئەم نزیکبوونەوە لە بەرانبەر مەخمور بە تایبەتی لە دوای کۆبوونەوەکەی سودانی-ئەردۆگان دەستیپێکرد. لە ناو پڕۆسەیەکی بەمجۆرەدا تورکیا هێشتا پێداگری لە شەڕ و هێرش دەکات. هەوڵدەدات هەموو هێزێک لەمەدا بەشداری پێ بکات. هەر لە سەرەتاوە ئەم نزیکبوونەوەی عێراقمان ڕەخنە کرد. عێراق بە پێی بەرژەوندی خۆی، بەرژەوندی گەلەکەی مامەڵە ناکات. بە ڕاستی بە گوێرەی بەرژەوندی تورکیای کرێخۆرە مامەڵە دەکات. هەمیشە گوتوومانە ئەمە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە. دوای ئەوەی ڕاگەیاندراوێکمان بڵاو کردەوە، عێراقیش ڕایگەیاند پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکات. دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئاماژەی بەوەدا گرنگییەکی زۆر بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەدەن، بەشداری پێویست لەم پرۆسەیەدا دەکەن. ئەگەر بەشداری پڕۆسەکە دەبێت، ئەوکات نابێت بێتە ئامرازی ئەم یاریانە. ڕێگەی پشتگیری ئەم پڕۆسەیە فشار لەسەر مەخمور، دەستگیرکردنی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی مەخمور نییە. لەبەر ئەوەی ئەم سیاسەتە گڵاوە دەتوانێت ئەم پڕۆسەیە تێکبدات. دەبێت عێراق نەبێتە بەشێک لەمە، دەبێت عێراق ببێتە بەشێک لە چارەسەری، ببێتە بەشێک لە ئاشتی، دەبێت ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک دەبێت کۆتایی لەم فشارانە بهێنێت و نابێت ببێتە ئامرازێکی یارییەکان. چ کێشەیەکی لەگەڵ مەخمور هەیە؟ کەمپێکی پەنارانە کە لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکانە. تورکیا پێشتر بۆردوومانی ئەم کەمپەی دەکرد، چەندین مەدەنی شەهید بوون. ئەگەر بەڕاستی عێراق دەیەوێت ئەم پڕۆسەیە بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت دەست لەم فشارانە هەڵبگرێت.

سیاسەتی ئەڵمانیاش بەم هەمان شێوەیە. ئەڵمانیا هێزی سەرەکی ناتۆ بووە و هەر لەسەرەتاوە لەم شەڕەدا، لە شەڕی دەوڵەتی تورک دژی کوردان، جێی گرتووە. بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێ کردووە. لە هێرشە داگیرکارییەکانی لەسەر ڕۆژئاوا پشتگیری جدی هەبوو. ئەڵمانیا هەر لەسەرەتاوە سیاسەتێکی گڵاو و خراپ لە بەرانبەر بە کوردان پەیڕەو دەکات. ئەڵمانیا دەبێت دەست لەمە هەڵبگرێت. لە دۆخێکی وەهادا کە پرۆسەیەک دەستیپێکردوە، دەستگیرکردنی یوکسەل کۆچ، دەستگیرکردنی کەسێک کە هاوسەرۆکایەتی ڕێکخستنێکی مەدەنی و دیموکراتیکی دەکرد، دەستگیرکردنی وڵاتپارێزانی کورد بە مانای چی دێت؟ ئەمە نزیکایەتی ئەڵمانیا لە بەرانبەر پڕۆسەکەدا دەخاتە بەرچاو. ئەوکات تێدەگەین ئەڵمانیا، ئەوروپاش نایانەوێت ئەم پڕۆسەیە بەرەوپێشەوە بچێت. ئەوانیش خاوەندارێتی لە شەڕ دەکەن. دەیانەوێت هەمیشە تورکیا بە ناسەقامگیری بهێڵنەوە، لە ناو شەڕدا بیهێڵنەوە، بەم شێوەیە سیاسەتەکانیان بۆ تورکیا قبوڵ دەکەن، هەمیشە هاوسەنگی لە تورکیا وەردەگرن و خۆیان لە سەر پێ دەهێڵنەوە. دەبێت ئەمە ببینرێت کە لە بەرانبەر نزیکبوونەوەیەکی بەمجۆرەدا تێکۆشان ئەنجام بدرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار