فوئاد حوسێن: لەتاران بەدواداچوون بۆ منداڵانى ونبووى هەڵەبجە دەکەین

دوێنێ
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندێکیان بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی بزربووانی هەڵەبجە ناردووەتە تاران. دەشڵێت: هەوڵەکانمان بۆ سۆراغکردنی بێسەروشوێنانی ئێزیدی بەردەوامە.
سێشەممە، 27-05-2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، شاندێکیان ناردووەتە ئێران بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە بێسەروشوێن بوون و لەم ڕووەوە هەماهەنگییان لەگەڵ بەرپرسانی تاران هەیە.
کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، 211 منداڵی هەڵەبجە بزر بوون. تاوەکو ئێستا 10یان دۆزراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەوانە دیکە بەردەوامە کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، جگە لە شەهیدبوونی زیاتر لە 5000 کەس، چەندان منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان ڕوون بووەتەوە.
سەبارەت بە بێسەروشوێنانی ئێزیدی، وەزیری دەرەوەی عێراق ئـــاماژەی بـــەوە دا، لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە سۆراغکردنی بێسەروشوێنانی ئێزیدی، بە تایبەت ئەو ئافرەتە ئێزدییانەی ڕفێنران و بردراونەتە سووریا.
بەگوێرەی نووسینگەی ڕزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان، داعش لە ئابی 2014دا 6417 کوردی ئێزدیی ڕفاند، تاوەکو ئێستا 3585یان ڕزگار کراون.
ساڵی 2014 داعش پەلاماری شنگالی دا، لەو کاتەدا جگە لە کۆمەڵکوژیی ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ئێزدی، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیش ڕفێندران و بە کۆیلە کران، ئەوانەی کوژراون، خراونەتە گۆڕی بە کۆمەڵەوە.
لەو 62 گۆڕە بەکۆمەڵەی شنگال، کە هەڵدراونەتەوە، 600 ڕووفات دەرهێندراون، 250 ڕووفات دوای پشکنین و ناسینەوەیان ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
