ئەمریکا: بەغدا و هەولێر کاربکەن بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆ

2 ڕۆژ لەمەوپێش
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختدەكات لەوەی، ویلایەتە یەكگرتووەكان پاڵپشتی ئەو گرێبەستانە دەکات کە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆیان كردووە.
بروس، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەمریکا پشتگیری لەو رێککەوتنە ئابورییانە دەکات کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیەنن، لەنێویاندا ئەو دوو گرێبەستەی هەفتەی رابردوو راگەیەندرا.
راشیگەیاند: هانی بەغداد و هەولێر دەدەین پێکەوە کاربکەن بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆ لە زووترین کاتداو، ئەم جۆرە هاوبەشییە ئابورییە سودی بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و عێراق دەبێت و، یارمەتی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە بەرەو پێشەوە بچێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشكرد: کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە، هیوادارین وەبەرهێنانی زیاترى کۆمپانیا نەوتییەكانى ئەمریکا لە سەرتاسەری عێراق ببینین.
پێشتریش رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی راگەیەندراوی دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەغداد پاشگەزبووەتەوە لەوەی کوردستان تۆمەتباربکات بە دروستکردنی پەیوەندی تاکلایەنە لەگەڵ واشنتن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە ملیار دۆلارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بە هۆکاری ئەوەی گرێبەستەکان بەبێ ئاگاداری بەغداد کراون، هەرزوو لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بە زمانێکی نەرمتر داوای پابەندبوونی دەستووری کرد لە چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وا گرنگ.
شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە واژۆکردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەندراوی دووەمدا بەغداد لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەزبووەتەوە و بە زمانێکی نەرمتر تەنها داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی کردووە.
