باکرهان: هەموو رۆژێک دوو زیندانیکراوی نەخۆش گیانلەدەستدەدەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە بەردەوامیی وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، متمانە دروستکردن تەنیا بە قسە و بەڵێن نابێت و پێویستە هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بنرێت.
باکرهان ئاماژەی بە رەوشی زیندانیکراوە نەخۆشەکان کرد و گوتی، کاتی ئەوەیە جەژنی قوربان بۆ زیندانیکراوە نەخۆشەکان و کەسوکاریان بکرێت بە دوو جەژن.
بەگوتەى باکرهان، رۆژانە لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دوو زیندانیکراوی نەخۆش گیانلەدەستدەدەن و سەدان زیندانیکراو پێویستیان بە چارەسەرە و پێویستە ئازادبکرێن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم ئەوەشی گوت، "متمانە دروستکردن تەنیا بە بەڵێن و قسە نابێت و پێویستی بە هەنگاوی دڵنیاکەرەوەیە. ئەمڕۆ لە لایەک باسی ئاشتی دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە تەماشای زیندانەکان بکەین هەست بە ئازارێکی گەورە دەکەین.
ئەو وتیشى: هەموو رۆژێک دوو زیندانیکراوی نەخۆش گیانلەدەستدەدەن. لە 515 رۆژدا هەزار و 26 زیندانیکراوی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە. ئەگەر چارەسەر بکرانایە، رەنگە ئێستا لە ژیاندا بوونایە و لەگەڵ منداڵ و خێزانەکانیاندا بوونایە.
جەختى کردەوە کە ئیتر کاتی کۆتاییهێنانە بەو ئازارەی لە زیندانەکاندایە. هەنگاوێکی دیکە بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسای جێبەجێکردن لەسەر بنەمای ستاندارە دیموکراسییەکان. چەندین ساڵە هەزاران کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندا هێڵدراونەتەوە. کاتی خاڵیکردنەوەی زیندانەکانە و پێویستە ئەم جەژنە بۆ زیندانیکراوان و کەسوکاریان بکرێت بە دوو جەژن."
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پارتی دەم هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پایتەخت، ئاڵا و زمانی تورکیادا نییە و داوای وڵاتێک دەکەن زمان و ناسنامەی کوردی رەتنەکاتەوە.
گوتیشی، پێویستە ئەو زمانەی لە میدیاکان بەکاردەهێنرێت، شایستە بێت بەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئاشتی لە زمانەوە دەستپێدەکات و لە کۆمەڵگەدا سەردەکەوێت.
هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، بەهۆی ئەزموونی 100 ساڵەی تورکیا کە هەمیشە بوون، ناسنامە و زمانی کوردی رەتکردووەتەوە، هێشتا بەشێک لە خەڵک گومانیان لە پرسەکە هەیە و ناتوانن متمانەی پێبکەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، "بەڵێ ئێستا پرۆسەیەک لەئارادایە، بەڵام هێشتا بەشێک لە خەڵک گومانیان هەیە. بێگومان هەموو کەس وەک ئێمە بیرناکاتەوە، بمانەوێت و نەمانەوێت، خەڵک گومانیان هەیە و نیگەرانییان هەیە، چونکە 100 ساڵە سیاسەتی رەتکردنەوە جێبەجێکراوە. ئێمە پێشتریش گوتوومانە و دەیڵێمەوە. ئێمە هیچ کاتێک کێشەمان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە پایتەختی تورکیا، ئاڵا و زمانەکەیدا نەبووە. دەزانم پێمان دەڵێن، ئەگەر کێشەتان نییە ئەی چیتان دەوێت؟ با وەڵام بدەمەوە؛ ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەهاکانی تورکیادا نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ کاراکتەریی نادیموکراسیی سیستمدایە. کێشەمان لەگەڵ ئەو سیستمەدا هەیە، کە کورد قبوڵ ناکات. هەموومان بینیمان ئەو دەوڵەتە نادیموکراسییە لە 100 ساڵی رابردوودا، ئەم وڵاتەی بەرەو کوێ برد. ئێمە وڵاتێکمان دەوێت کە زمان، ناسنامە، کولتور و بوونی کورد رەتنەکاتەوە. مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و دیموکراتمان دەوێت. کەچی هێشتا خەڵکانێک دەڵێن ئەم پرۆسەیە وڵات دابەشدەکات."
