دەم پارتی ئاکپارتی کۆدەبنەوە تاوتوێی پرۆسەی ئاشتی دەکەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

شاندی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆدەبێتەوە. 

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا بکات.

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

شاندەکە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێک دێت و چاوەڕێ دەکرێت لە لایەن عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە پێشوازییان لێ بکرێت. 

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، کوبوونەوەی دەم پارتی و ئاکپارتی کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، بەرێوەدەچێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 27-05-2025، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)ـیان کرد و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکە کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی بەڕێوە چووە و باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کراوە؛ هەروەها بابەتی دەستووریش یەکێک بووە لە مژارەکان.

لە لایەن خۆیەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بە دەستپێشخەری پرۆسەی نوێی ئاشتی دادەنرێت، دوای چەندان مانگ لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی دا و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند، بۆ هەموو شتێک کاتێک هەیە و ئەو کاتەش وا بە خێرایی نزیک دەبێتەوە.

 هاوکات باخچەلی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کاتەی کە ئاماژەی پێ دەکات هێمایە بۆ سەردەمێک و سەدەیەکی نوێێ تورکیا. ڕاشیگەیاند، ئیتر سەدەیەکی نوێی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی لە وڵاتەکەیان دەرکەوتووە.

شاندی دەم پارتی هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دا، لە ڕۆژانی 19-23ی ئەم مانگە لەگەڵ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت، رەفا‌ه و ئاییندە کۆبووەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار