مالکی: بناغەیەکی دروست بۆ پەیوەندیی عێراق و هەرێم دانەنراوە

دوێنێ
نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزیدا تێپەڕیوە، هیچ بناغەیەکی دروست بۆ ئەو پەیوەندییە دانەنراوە، دەشڵێت، دەبێت کێشەی لامەرکەزی و دابەشکردنی سامانەکان چارەسەربکرێت.
نوری مالکی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ئافاق باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد و گوتی، هەڵبژاردن لە تێگەیشتنە نیشتمانییەکەیدا وێستگەیەکە لە وێستگەکانی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوەی نێوان پێکهاتەکان.
جەختی لەوەشکردەوە، رازی نابن بەهیچ کاندیدێک کە باوەڕی بە گرنگیی یاسا و پابەندبوون بە یاساوە نەبێت، هەر کەسیش پێشێلی یاسا بکات لای ئەوان جێگای نابێتەوە.
مالکی راشیگەیاند، حکومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پارەی گشتی بە سودی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، دەشڵێ، ناکۆکییەکان لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
