عێراق: هەرێم چەندین ترلیۆن دینار زیانی لە خەزێنەی دەوڵەت داوە

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها نەوتی کێڵگەکانی رادەست و هەناردە نەکردووەتەوە، هەر بۆیە چیدی ناتوانن پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرن.
 
وەزارەتى دارایی عێراق ئەوەی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە بە "پێچەوانەی دەستوور" ناوبرد.
 
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێ هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات، تاوەکو وەزارەتى دارایی پارەى مووچە بدات، "وەزارەتى دارایی پابەند بووە بە یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە".
 
بە گوتەى وەزارەتى دارایی عێراق، هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا راپۆرتیان لەبارەى ژمێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە کردووە و دەرکەوتووە کە "داهاتى نەوتی و نانەوتى هەیە رادەستى حکومەتى فیدراڵیان نەکردووە"، ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕاى ئەوەى ناردنى پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بەپێى پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە بووە، بەڵام ئەو بڕە داهاتە نەوتى و نانەوتییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رادەستى نەکردووە، وای کردووە تێپەڕبێت لەو پشکەى کە لە بودجەدا هەیەتى.
 
وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، ئەو تێپەڕاندنەى لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان روویداوە وەزارەتەکەى ناچار کردووە رێوشوێنە یاساییە کارپێکراوەکان بگرێتەبەر بەگوێرەى یاسای بودجە و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى.
 
لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەدا وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى یاسا و بڕیارى دادگەى فیدراڵى، "سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆر تێپەڕبووە"، هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت بەهۆى ئەوەى گوایە پێشێلکاریى بڕیارى دادگەى فیدراڵى کردووە لە بارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕى کۆمەڵایەتى بەوەى پابەند نەبووە بە رادەستکردنى داهات. 
 
وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، "پابەند نەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى نەوتى کێڵگەکانى بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) کە لە یاساى بودجەى گشتى هاتووە و دەستپێنەکردنەوە بە هەناردەى نەوت لە دواى هەموارى یاسای بودجە واى کردووە بە بەهاى چەندین ترلیۆن دینار زیان بەر گەنجینەى گشتى بکەوێت، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتى هاوبەشی هەردوو دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار