قەیس خەزعەلی: هەرێم نەوت بە قاچاغ دەبات بۆ ئەفغانستان و پاکستان 

دوێنێ



 

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندییە دەستورییەکانی بەرامبەر دەوڵەتی عێراق جێبەجێبكات، لە سەرو هەموویانەوە، رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان و باج و داهاتی سنورەکان و رێزگرتن لە سەروەری، لە بەرامبەر داواكردنی شایستە داراییەکانی.

خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو كەناڵی "الاولی و العهد" وتی: خەونی جیابوونەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە بەهێزی ئامادەیی هەبووە لە سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمداو، روخساری بە روونی لە ریفراندۆمی (٢٠١٧)دا دەرکەوت. 

سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی عێراق بە گیانێكی ئەرێنیەوە مامەڵەی كردووە، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە، كە ساڵانە دەگاتە دە ترلیۆن دینار، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتەكانی.

خەزعلی وتیشی: لە سلێمانیش ئەوەم وت، ئێمە پشتگیری لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو ئاڕاستەیە رابگرێت کە کوردستان لە عێراق دوور دەخاتەوە و، پابەند بێت بە ئەرکەکانیەوە، هەروەك چۆن داوای مافەکانی دەکات. 

ئەمینداری عەسائیب، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا ئاماژەی بە بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە كردو وتی: پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت.

بارهەڵگرەكان نەوت بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان نە بە نهێنی، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت.

جەختیشكرد لەوەی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی گەورە نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و، بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساو هێنانەوە.

وەك ئەو وتی: بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی خەونی کوردە بۆ جیابونەوە، کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی.

سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ واشنتۆن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیە، كە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدایە لەوبارەیەوە رووینەداوە.

باسی لەوەشكرد: ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش پابەندکەرن بۆ هەمووان.

داواشی لە سەرکردایەتی هەرێم كرد، پابەندبن بە بڕیارەكان و پەیوەستبن بە دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیری.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار