توركیا لە هەفتەیەكدا 128 جار بۆردومانی سنوری ئامێدی كردووە

دوێنێ
سوپای توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 120 جار بۆردومانی ئامێدی كردووە.
كامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاندووە، لە رۆژی 24ی ئەم مانگەوە، سوپای توركیا 83 جار هێرشی كردوەتە سەر چیای نزاركێ لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی.
دەشڵێت، تەواوی هێرشەكان بۆ سەر یەك شوێنی دیاریكراوبوون و هەموو رۆژێك لە رێگەی تۆپخانەكانیەوە، سوپای توركیا ئەو شوێنەی تۆپباران كردووە، لە هەمان كاتیشدا، بە تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا، سوپای توركیا 45 جار تۆپبارانی گوندەكانی بەری گارێی لە سنوری ناحیەی دێرەلوك لە قەزای ئامێدی كردووە.
بەمەش لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 128 هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە.
بەوتەی كامەران عوسمان، هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی لەو بۆردومانانەدا نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی هێرشەكان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی.
