مەزڵوم عەبدی: پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە

دوێنێ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە پەیوەندیی راستەوخۆدان لەگەڵ تورکیا، دژی کۆبوونەوەش نییە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەن لە چوارچێوەی لامەرکەزیی سیاسییدا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەن، چارەسەری خێرا و رووکەشیش رەتدەکەنەوە و پێیان وایە چارەی پرسی کورد ناکات.
دەشڵێت، تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا چەند ساڵێک دەخایەنێت، دەیانەوێ شێوازێکی پەسەندکراو بۆ جێکردنەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی سوپای سوریا بدۆزنەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: هەزاران چەکداری بیانی لە سوریا ئامادەییان هەیەو، بوونەتە کێشەو دەبێت چارەسەر بکرێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" وتی: نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شەڕ، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆمان ئەو کارە دەکەین.
عەبدی ئاماژەی بەوەشدا: دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا ئەرێنی بووە، جەختی لەسەر ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەگەڵ دیمەشق و گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی کردەوە.
هۆشداریدا لەوەی، داعش خۆی لە شارە گەورەکاندا رێکدەخاتەوە و سودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستای سوریای وەرگرتووە.
راشیگەیاند: ئەمریکا و هاوپەیمانانی تر لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوردستان دەکەن لە دانوستان لەگەڵ دیمەشق.
لەبارەی ئامادەیشی بۆ دیداری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، وتی: هیچ كێشەك نیە لەوەداو ئێمە کراوەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا، بەشێوەیەكی راستەوخۆو و لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەیەو، هیوادارین ئەم پەیوەندییە گەشە بکات.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، جەختی لەسەر پێویستی بوونی یەک سوپاو یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا كردەوە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیشەوە، رەتیشیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و وتی: ئێمە پشتگیری لە دراوسێیەتی باش لەگەڵ هەمووان دەکەین.
