فراکسیۆنە کوردستانییەکان چاوەڕوانى وەڵامى سودانین بۆ پرسی مووچە

دوێنێ



 

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، تایبەت بە پرسى مووچە داواى کۆبوونەوەیان لە محەمەد شیاع سودانى کردووە و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وەڵام بدرێنەوە.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاند، رۆژى پێنجشەممەى رابردوو داواکاریى کۆبوونەوەیان ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و چاوەڕوان ئەمڕۆ شەممە وەڵام بدرێنەوە.

گوتیشى "داواکاریى سەرەکییان ئەوەیە پێش جەژنى قوربان بەهەر جۆرێک بووە، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت".

29ـى ئەم مانگە، شاخەوان عەبدڵا جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاندبوو پاش گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان، بڕیاردراوە نووسراوێک ئاڕاستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بکرێت، بەگوتەى ئەو لەسەر ئەو "پێشێلکارییانەی بەرامبەر بەفەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دەکرێت چووەتە خانەی برسیکردنەوە".

گوتیشى، داوایان لە سودانى کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و مووچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر مووچە وەکو کارتی سیاسی بەکارنەهێنرێت.

رۆژى 28ـى ئایارى 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى 2023، 2024، 2025، هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.

تەیف سامى لە نووسراوەکەى جەختدەکاتەوە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناتوانن بەردەوامبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێیەى تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار