تەقینەوەى مین دوو پاسەوانی سنووری ئێرانى لە مەریوان کوشت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 پەیامی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025، لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان بووە."
پارێزگاری سنە لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەو سەربازانە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیان و چاودێریکردنی سنوور، لە رووداوێکی تەقینەوەی میندا گیانیان لەدەستداوە."
فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە ناوچەی دەرە ناخیی مەریوان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو کوژراوەکە و بریندارێکی رووداوەکەی تەقینەوەی مین لە مەریوان، کورد و خەڵکی پارێزگای سنەن.
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی سنە، ناسنامەی کوژراو و بریندارانی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە رووداوەکەدا محەممەدڕەزا حورییەتپەسەند، خەڵکی شاری قوروە، سوهەیب عەزیزی، خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستدا و ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی (ئەفسەر بە پلەی موقەدەم)، خەڵکی شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و سۆران شەریفی، خەڵکی شاری بانە بریندار بوون."
