لیژنەکانى نێوان هەسەدەو دیمشق دوای جەژن دەست بە کارەکانیان دەکەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی دیمەشق كۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین دیداری نێوانیانە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆتایی پێهات.

وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" لە دیمەشق لەگەڵ وەفدێكی دەسەڵاتدارانی حكومەتی نوێی سوریا كۆبوونەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ جێبەجێكردنی زیاتری خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەی 10 ی ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا واژۆكرا.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانی دیمەشق پێشوازییان لە شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی فەوزە یوسف، سیاسەتمەداری کورد، و هەروەها عەبدولحەمید ئەلمەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحەریب بەرسووم، سۆزدار حاجی، مریەم ئیبراهیم، ​​و یاسر سلێمان لە نێویاندا کردووە. کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی لەم جۆرە بوو لە دوای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا بەرپرسێکی ئەمریکی دانیشتووی دیمەشق و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات.

لایەنی حکومی بە نوێنەرایەتی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی سوریا کە بەرپرسە لە ڕێککەوتنی حەلەب لە نێوان کورد و سەرۆکایەتی سوریا، هەروەها بەرپرسی ئەمنی شاری عەفرینی کوردنشینی سوریا، کە دانیشتووانی ئاوارەکانی لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە داوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکرێت، لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەی تەل ئەبیاد و ڕاس ئەلعەین، کە بە زمانی کوردی بە "سەرێ کانی" ناسراوە.

هەروەها بەرپرسانی دیکە لەگەڵ شاندی ئیدارەی خۆسەر پرسی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەکانی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا ئامادەن وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تاوتوێ کرد.

ئەوە ڕوون بووەتەوە کە بڕیارە لە دوای جەژنی قوربان لیژنەکان پێکبهێنرێن و دەست بە کارەکانیان بکەن، بەگوێرەی ئەوەی سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی ئیدارەی خۆسەر بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەى ڕاگەیاندووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەندامانی شاندەکە ئەمڕۆ یان سبەی دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەم كۆبوونەوەیە لە دیمەشق، تەواوكاریییە بۆ سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ هەماهەنگی بووە لەنێوانیان و لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە، یەكەم دیدار لە 19 ی ئادار دەستیپێكرد واتە نۆ رۆژ دوای رێككەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دیداری دووەمیش لە 12 ی نیسان بەڕێوەچوو، سێیەم كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو لە كەمپی هۆل بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەن خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع جێبەجێ بكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار