دەقى ڕاگەیەندراوی شاندی ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق

2 ڕۆژ لەمەوپێش
شاندی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق لەسەر چوار خاڵی سەرەکی رێککەوتن، پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی خوێندن لە پێشینەی کارەکانیانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی حکومەتی کاتی سوریا کۆبونەوە، بۆ هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کراوە تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکان بوون.
دەقی بەیاننامە؛
بەیاننامەی هاوبەشی کۆبونەوەی نێوان شاندی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق:
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، و لەسەر ئەمانەی خوارەوە رێککەوتن:
1- پێکهێنانی لیژنە لاوەکی تایبەتمەندە، بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەر واژۆ کراوە.
2- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دۆسیەی تاقیکردنەوە و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە، بەجۆرێك مافی قوتابیان و سەلامەتی پرۆسەی خوێندن دەستەبەربكات.
3- گفتوگۆکردن لەبارەی میکانیزمەکانی ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و، کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی دەبنە بەربەست لە بەردەم ئەم گەڕانەوەیە.
4- کاراکردنەوەی دۆسیەی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودو، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی بکات.
هەردوولا جەختدەكەن لە پابەندبونیان بە گفتوگۆی بونیادنەر و هاوکاری بەردەوام، بەوشێوەی خزمەت بە یەکڕیزی و سەروەری سوریا دەكات، لەگەڵ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری.
هەروەها رێککەوتن کرا لە ئایندەیەکی نزیکدا، دانیشتنێکی دیکە دیاری بکرێت بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی رێککەوتنى لەسەر کراوە.
