مانگی رابردوو 163 زیندانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون

2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا 163 زیندانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، ئەوەش بەراورد بە مانگی ئایاری 2024 کە 67 کەس لەسێدارە درابوون، بەڕێژەی 143% زیادیکردووە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە، لەنێو لەسێدارەدراواندا، پێنج ژن و یەک منداڵی تەمەن 16 ساڵی هەبوون، تەنها شەش حاڵەتی لەسێدارەدانیش لەسەرچاوە فەرمییەکان راگەیاندراون و چوار حاڵەتیش بەنهێنی و بەبێ ئاگاداری خێزانەکانیان جێبەجێکراون.
هەروەها لەنێو لەسێدارەدراواندا، 26 زیندانی کورد، 21 زیندانی لوڕ، 20 زیندانی بەلوچ و 18 زیندانی تورک هەبوون و فارسەکانیش زۆرترین ژمارەیان پێکهێناوە بە 48 حاڵەت، بەگشتی لە 27 پارێزگای ئێران سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە.
پێشتریش رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو لە ساڵی 2024 سزای لەسێدارەدان لە 15 وڵات جێبەجێ کراوە و وڵاتانی دیکە سزاکەیان هەڵوەشاندووەتەوە یان بە کردەوە رایانگرتووە، 64٪ـی کۆی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون، جگە لە چین، کۆریای باکوور و ڤیەتنام، لە ئێران بووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـدا لانیکەم 230 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار، زیاتر لە دووهێندە زیادیکردووە.
بەپێی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
