چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستى خۆى لەبارەى مووچەوە خستەڕوو

2 ڕۆژ لەمەوپێش
چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت لە دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان و پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز دەكاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لە بەیاننامەكەدا دەڵێت: شەوی رابردوو لە نوسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی محەمەد شییاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
لە کۆبونەوەکەدا، دۆسیەی هەرێمی کوردستان تاوتوێكراوەو پێداگری لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسێکی نیشتمانی بەگوێرەی دەستور و یاساکانی حوکمڕانی کراوەتەوە.
هاوكات پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵیش، بە دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاوڵاتیان و، هەوڵدانی جدی بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرەکان.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە: ئامادەبووان بە گرنگیان زانیووە یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت، كە بە چارەسەری بنەڕەتی دادەنرێت بۆ كۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كردووەتەوە، داوای لە هاوڵاتیانيش کردووە داتای بایۆمەتری خۆیان نوێ بکەنەوە ،و چالاکانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.
