کەجەدەکە-ئە: کۆتایی بە گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی مەخموور بهێنن

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کەجەدەکە-ئە بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆتایی بە گەمارۆی لەسەر کامپی پەنابەرانی مەخموور بهێنن و ڕایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور.
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) لە ژێر ناوی "سیاسەتی قڕکردن لەسەر مەخمووردا جێبەجێدەکرێت؛ خەڵکی مەخموور بەتەنیا نییە" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تورکیا، عێراق و پەدەکە بەسیستماتیکییانە گەمارۆ دەخەنە سەر مەخموور.
لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا هاتووە، رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا وەک بیانوویەک بۆ رێگریکردن لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ناو کەمپەکە بەکاردەهێنرێت و ئەوەش هاتووە کە "پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکانیان دابین ناکرێت".
کەجەدەکە-ئە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق "بەردەوام گەمارۆی کەمپەکە دەدەن" و شاندێکی نوێنەرانی کەمپەکەیان دەستگیرکردووە.
کەجەدەکە-ئە باسی لەوەش کردووە کە کەمپی مەخموور لەو خەڵکە مەدەنی پێکهاتووە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ـکاندا بەهۆی چۆڵکردنی گوندەکانەوە لە باکووری کوردستان ناچاربوون کۆچ بکەن، لە ساڵی ١٩٩٨ کرایەوە و لەهەمان ساڵدا چووە ژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ئاماژەی بەوە کرد، " ئەو گەمارۆیەی دەوڵەتی تورک و حکومەتی عێراق سەرەڕای چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەیسەپێنن، مایەی قبووڵکردن نییە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ئەوەی بەڕێوبەرێتی کەمپەکە سکاڵای لەبارەی ئەو گلەییانەوە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کێشەکان هێشتا قورستر بوون.
لە بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئە ـدا ئەم داواکارییانە هاتووە:
هەڵپەساردنی گەمارۆکە: هەموو پێداویستییەکی مرۆیی لە نێویاندا ئاو، کارەبا، خزمەتی تەندروستی دابین بکرێن.
پرسی پەنابەریی سیاسی: مافی پەنابەریی سیاسی بدرێت بە دانیشتووانی ناو کەمپەکە.
دەستتێوەردانی نێونەتەوەیی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و بەشێوەیەکی فەرمی هۆشداریی بداتە حکومەتی عێراق و ئیدارەی ناوچەکە.
کەجەدەکە-ئە بەتایبەت بانگەوازی بۆ رای گشتی نێونەتەوەیی کرد کە پاڵپشتی مەخموور بکات.
