موسەننا ئەمین: سودانی وتی ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم پێش جەژن مووچە دەنێرم

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

موسەننا ئەمین ڕایدەگەیەنێت سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە.

سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرسی موچەی هەرێمی كوردستان، موسەننا ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وتى:

سودانی وتی حوكمڕانی عێراق وەكو هەرێم نییە، كە ئەوان لە دەرەوەی یاساو لەسەرەوەی دادگاو پەرلەمان هەموو جۆرە بڕیارێك ئەدەن، من پابەندم بە یاساو بڕیاری دادگاو دەسەڵاتداری رەها نیم. 

سودانی وتی لە ساڵی 2024وە ئێمە هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدەین كە دەبێت داهاتەكانتان بەباشی رادەست بكەن، ئەو مەرجانەی كە دادگای فیدراڵی بۆ ئێمەی داناوە بۆ ئیوەشی داناوە، هەردوولامان پێویستە رێزی لێ بگرین.

سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە دەرباری خەرجكردنی ئەم پارانە چونكە بەنایاسایی زانیوە، دیوانی چاودێری دارایی بە نایاسایی زانیوە، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بە نایاسایی زانیوە، من تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتییەم كردووەو هەر پارەیەك بۆ ئێوە هاتووە لە پێشەوە نوسراوە لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆك وەزیران، من ئێستاش ئامادەم ئەوە بكەم، بەڵام لەسنور دەرچووە، چونكە هەرێم هیچ پابەند نابێت. هەرێم دەبێت داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، جارێك هاتن 91 ملیار دیناریان رادەستكرد، دواتر كردیان بە 70 ملیار دینار، دواتر كردیان بە 60 ملیار، دواینجار كردیان بە 48 ملیار، ئەمە گاڵتەكردنە بە نیزام و قانون.

سودانی وتی بەرلەوەی ئێمە بزانین، وەزارەتی دارایی (مەبەستی تەیف سامییە) نوسراوی ناردووە كە ناتوانین تەمویلتان بكەین، بەئەمانەتەوە پێتان بڵین وەزارەتی دارایی پێش ئەوەی من بیبینم ئەو نوسراوەی دەركردووە، لەسەر بنەمای دیوانی چاودێریی دارایی كە وتویەتی یاسایی نییە ئەم پارەیە بدرێت.

سودانی وتی داواكارییەكانی ئێمە لە حكومەتی هەرێم تەعجیزی نین، ئێمە دەڵێین داهاتی نەوتیتان هەیە بەگوێرەی بڕیاری دادگاو بەپێی یاساو بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ئێوە دەبێت ئەم نەوتە رادەستی (سۆمۆ) بكەن. ئەتانوت تێچووی بەرهەمهێنانمان بە 6 دۆلار داناوە لە بودجەو بەشی كۆمپانیاكانی هەرێم ناكات، ئێمە ئەم یاسایەمان برد لە پەرلەمان و بەرگەی فشاری دنیامان گرت تا لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان تێیپەڕێنین بیكەین بە نزیكەی 16 دۆلار، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانتان قسەیان نەمێنێ و ئەم نەوتە تاڵان نەكەن و لەسنورەكانەوە بەقاچاخ نەیفرۆشن، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی و رادەستی سۆمۆی بكەن، وتیان فڵان كۆمپانیای ئەمریكی تێدایە، وتمان ئەگەر لەژێر فشاردان پشكی ئەو كۆمپانیایە ئەمریكییە 30 هەزار بەرمیلە نابێت بە رێژەی 10%ی كۆی بەرهەمهێنان؛ ئەوە هەر پیرۆزتان بێت كێشەمان نییە، ئەوی تری بەپێی بڕیاری دادگا رادەستبكەن. 

سودانی وتی من داوای 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆم كردووە كە خەمڵاندنی ئێمە زۆر لەوە زیاترە. ناكرێت داهاتەكانی خۆت بۆ خۆت بن و داوای موچە لە من بكەی.

سودانی وتی بڕیاری دادگا، حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە تەوتینی موچەو دەڵێ هەر وەزارەت و پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەك لە هەرێمەوە ئەتوانێ راستەوخۆ لیستی موچەكەی بهێنێت بۆ وەزارەتی دارایی لێرە تەوتین بكرێت ئێمە راستەوخۆ موچەكەی پێ بدەین، باشە ئێوە دەڵێن ئەم بابەتە لەیەكتر جیابكەنەوە؟! هەرێم ئامادەیە موچە تەوتین بكات هەتا ئێمە بتوانین راستەوخۆ موچە بدەین بە فەرمانبەر زەرەرمەند نەبێت لەم كێشەیە؟! هەرێم ئەوەش ناكات. لیستی موچەشیان هەڵەیەو ئێمە دڵنیاین بندیوارو كێشەی زۆری تێدایەو ئێمە دڵنیاین و راپۆرتی وردمان هەیە لەسەری. 

سودانی وتی داوامان لە دادگا كردووە رونكردنەوەی زیاتمان بدەنێ، چونكە كێشە دروستبووەو خەڵك لە هەرێم موچەی نییە، دادگاش ئێمە 4 بۆ 5 دادوەریی لە حەجن و ئەوانی تریشیان لەپشوون و چەند رۆژێكی تر جەژنە، ناتوانین دڵنیایی ئەوە بدەین كە ئەمانە كۆدەبنەوەو دەتوانن بڕیار بدەن، بەڵام من ئەگەر چەترێكم نەبێت لە دەركردنی بڕیار ناتوانم مامەڵە بەم پارانەوە بكەم كەسوكاری خۆم نییە، پارەی دەوڵەتی عێراقە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار