ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق باسى مووچەى هەرێمى نەکرد

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆتاییهات و، سەرچاوەیەک راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک لەبارەى خەرجکردنی مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نەدرا.
هاوکات هەریەکە لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەندانکردنەوەی عێراق کە لە پشکی پارتین بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.
هەروەها هەر ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سودانی کۆبووەوە و، پاش کۆبوونەوەکەش موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سودانی گوتویەتی ناتوانێت دڵنیایی بدات کە پێش جەژن مووچە بنێردرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 29ـی ئایاری 2025، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "ئەگەر تاوەکو پێش جەژنی قوربان، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكرێت، هەڵوێستی جددیان دەبێت و رایدەگەیەنن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا پشووی فەرمی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانەوە دەستپێبکات تاوەکو سێشەممە 10ی حوزەیران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە 11 و 12ی ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت دەبێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا رۆژی 15ی حوزەیرانیش بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشوو بێت.
