پارتی: یەکگرتوو بوونەتە وتەبێژ و دەمڕاستی سودانی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت:" لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە.

دەوقی وەڵامەکەی فراکسیۆنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی:

لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە.

بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە.

هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان. 

لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە.

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار