پارتی: هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە بهردهوامە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژه بهوه دهكات، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەتوانێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان چارە بکات؛ دهشڵێت: هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە بهردهوام دهبێت.
چوارشهممه، 4ـی حوزهیرانی 2025، ڤیان سهبری، پەیامی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق, پهیامێكی بڵاو كردهوه و ڕایگهیاندووه "لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداریی سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقن کە چەندین ساڵ بوو خەڵکی عێراقی سەرکوت دەکرد و دەیچەوساندنەوە، لەو پێناوەشدا شەهید و برینداری بەخشی، دوای ئەوەش بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەستوورەکەی، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی کاریگەرییان بینی لە پێناو بونیاتنانی عێراقێکی نوێ کە مافی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانی تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە کارمان کرد و هەموو هەوڵێکمان لەپێناو یەکڕیزی و یەکسانی و دادپەروەری بوو کە پرەنسیپەکانی هاوسهنگی، سازان و هاوبهشیی تێیدا پارێزراو بن، بەڵام ئەو خواستانەی کورد بۆ عێراقێکی نوێ کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەهاتە دی بە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەکی."
ڤیان سهبری گوتووشیهتی: لە ساڵی 2014 بەدواوە، حکوومەتی عێراقی بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەر بەوەندەش نەوەستا، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی وەستاند. ئامانج لەو ڕەفتارانەی حکوومەتی عێراقی تەنیا وەستاندنی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوون کە وایکردبوو کوردستان جیا بێت لە هەموو ناوچەکانی عێراق لە ڕووی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەوە. کە هێرشی تانک و زریپۆشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ئامانجەکانی نەپێکا، بۆیە ناچار بوون لە بێدەسەڵاتیدا، دەست بۆ قووتی خەڵک ببەن لە کاتێکدا پێشێلکردنی ڕوونی دەستوورە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوتا لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێداگر دەبین لە دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دهشڵێت: دەمانەوێت ئەوە بە ڕای گشتی کوردستان بڵێین: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بودجەدا، دەسەڵاتی زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی هەیە بۆ پرکردنەوەی کورتهێنان لە پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و پێداویستییەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی کەلوپەلی خۆراک، بۆیە دەیتوانی لە پێش جەژندا مووچەی خەڵکی لەو پارەیە بنێرێت تا دوای جەژن کێشەکان چارە دەکرێن، سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی لەپێناو خەڵکی کوردستان، بەکار نەهێنا."
ڤیان سهبری، ئاماژهی بهوهش كردووه "ئەوەی دەمانەوێت لێرە دووپاتی بکەینەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە لە هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە یەکدەنگی و هێزی هەمووان هەیە لە بەغدا. پێویستمان بەوە هەیە هێزەکانی کورد یەک بخرێت بەڵکوو بتوانین کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر بەغدا دروست بکەین."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان رایگهیاندووه، بە تەواوی ڕێکارە دەستووری و یاسایی و دیپلۆماتییەکان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە.
