شاندی هاوبەشی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دانوستان دەچنە دیمەشق

دوێنێ
شاندی کوردی، کە دوای "کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی کورد له رۆژئاوای کوردستان" بڕیاری پێكهێنانی درا، لە راگەیەندراوێک هاوسەرۆک و ئەندامانی خۆی ئاشکرا کرد.
چواشەممە، شاندەكە لە میانی کۆبونەوەیان، بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد پێكهێنانی راگەیەندرا.
شاندی كوردی رۆژئاوای كوردستان، لەبارەی هەنگاوەكانی ئایندەی رایگەیاند: دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەکانی ئامادەبووی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد کە لە (٢٦)ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆنفرانسەکە بۆ دامەزراندنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنە نێونەتەوەیی و کوردییەکان، لەسەر بنەمای روانگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە سوریا و پرسی کورد.
شاندەکە کۆبونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئەنجامدا، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی و رۆهلات عەفرین و ئەندامی دیوانی کۆنفرانسەکە، ئیلهام ئەحمەد ئامادە بوون، شاندەکە راستەوخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە ئەرکەکانی دەکات.
ئەندامانی شاندی کوردی پێكهاتوون لە: پەروین یوسف و محەمەد ئیسماعیل وەک هاوسەرۆکانی شاندەکە هەڵبژێردران، هەریەک لە ئاڵدار خەلیل، ریحان لوقو، ئەحمەد سلێمان، سلێمان ئوسۆ، ساڵح دەروێش، نەسرەدین ئیبراهیم و فەیسەڵ یوسف وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشانکران.
10ـی ئاداری ئەم ساڵ، شەرع و عەبدی رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان لە دیمەشق واژۆ کرد، لەنێویدا ئاماژە بەوەکراوە، کورد کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات. لە خاڵێکی دیکەدا باس لەوەکراوە، دەبێت "شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریادا رابگیرێت."
لەبارەی شاندی هاوبەشیی کوردەوە فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنەكەسە وتى، "رەگ و ریشەی دۆزی کورد لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سووریا و تەنیا پەیوەست نییە بە دۆخی ئێستاوە. گەلی کورد ناڕەحەتی زۆری چەشتوە، بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، رووبەڕووی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی و بەئامانجگرتنی ناسنامە نەتەوەییەکەی بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کورد داوای مافەکانی کردووە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی وڵات، لە سەرەتاکانی شۆڕشی سووریاوە یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکان."
