هەپەگە: هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان بەردەوامن

16 كاتژمێر لەمەوپێش
پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لە رۆژانی 27 و 30 مانگی رابردوو، دوو گەریلایان گیانیان لەدەست داوە.
ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 27 و 30ـی مانگی رابردوو لەڕێگەی تۆپ و درۆنەوە پێگەکانیانیان لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردوون و لە ئەنجامدا دوو گەریلا بە ناوەکانی (باوەڕ و وڵات) گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە راشیگەیاند، گەریلاکان "لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆیان" وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە و لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی رابردوو و یەکی ئەم مانگە، لە ناوچەکانی زاپ لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.
لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا 18ـی نیسانی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 1ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە."
زاگرۆس هیوا گوتیشی: "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین."
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
