سەرۆکی شاندی کوردی ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا دەکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی مێژوویی کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی حکومەتی سوریا و شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی پەروین یوسف سەرۆکی دانوستانکاری سوریا کراوە.

گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لاوەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کراوە. 

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵدرا زەمینەی هاوبەش بۆ دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە مشتومڕاوییەکان بدۆزرێتەوە.

پەروین یوسف، سەرۆکی شاندى کوردی و هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت پشتڕاستکردەوە کە کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بە ئاگاداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و زلهێزەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاردراوە دوای پشووی جەژنی قوربان لیژنە لاوەکییەکان پێکبهێنرێت.

یوسف وتیشی: ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا هەبوو بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو بوارەکاندا بە سەرپەرشتی لیژنەی ناوەندی، بەو پێیەی چەند پرس و فایلێک هەیە کە پێویستیان بە پسپۆڕی هەردوولا هەیە، بۆ گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەر بە پێکهاتەکانی دەوڵەتی سوریا.

ڕێککەوتنەکە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا شەرع و عەبدی واژۆیان کردووە و تێیدا ئاماژە بە یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی نوێی دەوڵەتە لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان. 

لە نێو ئەو لیژنانەی کە بڕیارە پێکبهێنرێن، "لیژنەی کارگێڕی" هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی تێکەڵکردنی دامودەزگا ئیدارییەکان و فەرمانبەرەکانیان لە پێکهاتە و دەستەکانی دەوڵەتدا؛ لیژنەیەکی دووەمی پەروەردەیی بۆ ناونوسینی قوتابیان، قوتابخانەکان، و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و داننان بە بڕوانامە و ئاستەکانیان.

لیژنەیەک تایبەتمەند بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و چۆنیەتی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لە پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ؛ و لیژنەکانی تر کە دواتر بەپێی پێویست دیاری دەکرێن.

ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بەسەر چوار پارێزگاری سوریادا دابەشکراون کە دەکەونە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە: لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، لادێکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، ناوەندی شارەکانی ڕەققە و تەبقە، جگە لە پارێزگاری حەسەکە و شاری قامیشلۆ کە حەوت شارستانی ناوخۆیی بەڕێوەدەبرێن لەلایەن ئەنجومەنەکانەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ئیدارە ناوخۆییانە بەشێکن لەو سیستەمە حوکمڕانییەی کە خەڵکەکەیان بەڕێوەی دەبەن، کە بە باشی ئاگاداری کێشەکانیانن. دەشڵێت: "بە واتایەکی تر دەمانەوێت مافی ئەو ئیدارانە بپارێزین بۆ پەرەپێدان و هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق لەسەر بنەمای ڕێکخستنە دەستوورییەکان، و دەستەبەرکردنی بەردەوامی یاسایی و ڕەوایان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەشێکین لە سوریا، ئەمەش هەڵوێستێکی پرەنسیپییە بۆ ئێمە، لامەرکەزییەت دژایەتی یەکڕیزی نییە، هەموومان سوریین، بەڵام بۆ هەر هەرێمێک تایبەتمەندی نەتەوەیی هەیە، لەگەڵ هەمەجۆریی ئایینی و نەتەوەیی". هەروەها هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی کولتووری تایبەتی خۆی هەیە، "ئەمەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی لامەرکەزییان هەیە و وڵاتی بەهێزن، لەوێدا زاراوەی لامەرکەزی شێواوە، وەک ئەوەی مانای دابەشبوون و دابڕان بێت".

ئەم لیژنانە جگە لە پرسە سەربازی و ئیداریەکان باس لە بارودۆخی ئابووری و ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان و وزە دەکەن. ئێس دی ئێف لە ئێستادا نزیکەی 85%ی سامانی نەوتی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردووە، جگە لە 45%ی کێڵگەکانی گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانیان، لەوانە کێڵگەکانی ئەلعومەر و ئەلتەناک لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار