پرسی کورد و خەباتی ئۆجالان دەبێتە بابەتی تاقیکردنەوەی زانکۆیەکی میسری

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە بووەتە بابەتی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆیەکی میسڕی.
بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی دەمەنهور لە میسڕ، پرسی کورد و خەباتی عەبدوڵا ئۆجالانی لە چوارچێوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ جێکردووەتەوە، بەدیاریکراویش پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی کە لەلایەن ئۆجالانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە پرسی کورد، پرسی فەلەستین و کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، کراونەتە بابەتی تاقیکردنەوەکان.
لە پرسیارەکاندا باس لە رۆڵی پەکەکە لە زیندووکردنەوەی دۆزی کورد، ناڵینی کورد بەدەست سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن و تەعریب لەماوەی سەدەی رابردوو کراوە، جگە لەوەش ئاماژە بە پێزانینی ئەکادیمی بۆ پێگەی کورد و رۆڵی فیکری و سیاسی ئۆجالان لە پێشنیازی ئاشتی و دیموکراسی کراوە.
