ئەمڕؤ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەکات

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەمڕۆ سێ شەممە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێریش راگەیاند، پرۆسەکە 12ـی مانگ لە پارێزگاکەیاندا دەستپێدەکات.

ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە گەنم، 400 هەزار تۆنە و هەر تۆنێکیش بە 800 تا 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنوورەکەیان دەکەن لە سایلۆیەک و مەیدانێکدا، چونکە سایلۆی قوشتەپە گەنمی ساڵی رابردووی تێدایە.

گوتیشی، پشکی پارێزگای هەولێر 122 هەزار و 600 تۆنە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 228 هەزار تۆن بووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، نەسرین محەمەد، بەڕێوبەری سایلۆکانی سلێمانی وتى، ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەن و پشکی پارێزگاکە 145 هەزار تۆنە، ساڵی رابردووش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە.

وتیشی، ئەمساڵ لەلایەن عێراقەوە هەڵەبجە وەک پارێزگا هەژمار کراوە و 13 هەزار تۆن وەک پشکی پارێزگاکە دیاریکراوە.

هەروەها، نازم محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک راگەیاند، ئەمساڵ سایلۆیەکی دیکە لە پارێزگاکەدا کاردەکات، ئەویش سایلۆی رۆڤیایە، بەمەش لە چوار سایلۆدا گەنمی جووتیارانی سنوورەکە وەردەگیرێن.

گوتیشی، پشکی دهۆک 117 هەزار و 911 تۆنە و ساڵی رابردوو 189 هەزار تۆن بووە.

ساڵی رابردوو پشکی هەرێمی کوردستان 700 هەزار تۆن بوو، لەکاتێکدا بەرهەمی جووتیاران زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بوو، ئەمساڵ بڕی گەنمی جووتیاران زۆرترە لەوەی وەردەگیرێت و ناچارن بە نرخێکی کەم لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار