شاندی كوردی پێداگری لە سیستمی نا ناوەندێتی و سوریایەكی فیدراڵ دەكات

19 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە شاندی کوردی پێكهێنراو لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییە کوردییەکان، بەنیازە بەرەو دیمەشقی پایتەخت بڕوات، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیدارەی راگوزەر، لەبارەی دروستکردنی کۆدەنگی سەبارەت بە داهاتووی سوریا.
شاندی كوردی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی حکومەت، دیدگای خۆی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی نا ناوەندی وەک باشترین چارەسەر بۆ هەموو ئەو کێشانە دەخاتە ڕوو، کە لگۆڕەپانی سوریا سەریان هەڵداوە.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا خولی یەکەمی دانوستان لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و بەرپرسانی حکومەت، لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامدرا.
ئەحمەد سلێمان، جێگری سەرۆکی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد و ئەندامی شاندی کوردی دەڵێت: دیدگای هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردییەکان کە لە بەڵگەنامەی کۆنفرانسدا راگەیەندراوە، یەكڕیزی و هەڵوێستی کورد، بنەمای دانوستانە لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە بونیادنانی دەوڵەت، فۆرمەکەی و، رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیدگاکەیان لەسەر بنەمای نا ناوەندێتیەو داوای بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی لە سوریا دەکەن.
لای خۆیەوە، ئاڵدار خەلیل لە دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کە دیارترین پارتەو ساڵانێکە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر بەڕێوەدەبات و ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردە، دەڵێت:لایەنە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بەو داخوازییە بنەڕەتیانەی کە دەیخەنە بەردەم دیمەشق.
ئەم داواکاریانە بریتین لەوەی، چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا پێویستی بە گواستنەوە هەیە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی، بەتایبەتی کە ئاڵۆزییەکانی قەیرانی سوریا، بەتایبەتی پرسی کورد، كە ناتوانرێت لە چوارچێوەی سیستەمی ناوەندێتی ئێستادا چارەسەر بکرێت.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، کە بە یەکێک لە پایەکانی ئیدارەی خۆسەر و بنیاتنانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی دادەنرێت، جەختی لەوە کردەوە: نا ناوەندێتی بە مانای جیابونەوەی کورد یان دامەزراندنی ئیدارەی خۆیان نییە، بەڵکو بە مانای دامەزراندنی هاوبەشییەکی راستەقینەیە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد: گەیشتن بە چارەسەری نوێ و بەردەوام پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراسی نا ناوەندی و فرەیی و دووبارەنەکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی هەیە.
